خەندان کامەران عەبدە ساڵح
ئەمڕۆ 15/1 بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین ئاماری ڕوداوەکانی ساڵی ڕابردووی ناوچەکەی ئاشکراکرد.
نەقیب مستەفا محەمەد وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین بە خەندانی ڕاگەیاند: ساڵی ڕابردوو لە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین، 5927 ڕوداوی جۆراوجۆر تۆمارکراون.
وتیشی: لەنێو ڕوداوەکانی ساڵی ڕابردوودا، 13 ڕوداوی کوشتن تۆمارکراون کە 10 قوربانییان پیاو و سیانیشیان ژن بوون، 211 حاڵەتی توندوتیژی دژ بە ژنانیش تۆمارکراون.
ئاماژەی بەوەشدا، ساڵی ڕابردوو 231 دۆسیەی دزیی گەورە و 68 دۆسیەی دزیی سوک ڕەوانەی دادگا کراون، 89 دۆسیەی پەیوەندیدار بە مۆبایل و، 13 دۆسیەی مادەی هۆشبەر و 34 دۆسیەی بەدرەوشتی و، 51 حاڵەتی سوتان و 9 حاڵەتی خۆسوتانن بەدیدەکرێن.
هەر بەپێی ئامارەکەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین، کە لەسەر زاری وتەبێژەکەیەوە دراوەتە خەندان، ساڵی ڕابردوو لەسنوری ڕاپەرین 38 دۆسیەی ساختەکاری و 18 دۆسیەی ناپاکیی خێزانیی و، 52 حاڵەتی دەستدرێژیکردنە سەر فەرمانبەر لەکاتی ئەرکەکەیدا تۆمارکراون، هەروەک 19 جاریش هێرش کراوەتە سەر کارمەندانی هاتوچۆ.
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین ئاشکراشیکرد، لەسەر ئەم تاوانانە 2976 کەس گیراون و ئیجرائاتی یاساییان لەگەڵ کراوە.
وەک نەقیب مستەفا ڕونیکردەوە، بەبەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو ڕوداوەکان بە گشتی لە ناوچەکەدا کەمیکردووە، بەوپێیەی ساڵی 2012، 6658 ڕوداو تۆمارکراون، لەمساڵدا 731 ڕوداو کەمیکردووە.
- 15-01-2014