گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕەخنە لە حکومەتی عێراق دەگرێ بەوەی هیچ ساڵێ بودجەی تەواوی نەداوە بە هەرێمی کوردستان.
دلێر تارق، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق تۆمەتبار دەکا بە باپەند نەبوون ڕێککەوتنەکان و گەورەکردنی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
دلێر ئەمڕۆ یەکشەممە 19ی کانوونی دووەم بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ناکۆکییەکان نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، زیاتر پابەند نەبوونی بەغدایە بەو مادانەی لە دەستووری عێراقدان. هەروەها بودجەی عێراق بەشێکە لەو دەستوورە. لە کاتێکدا 17% ی بودجەی عێراق پشکی هەرێمی کوردستانە، کەچی تائێستا هیچ ساڵێک ئەو بودجەیە بە تەواوی نەهاتووە. هەمیشە بەناوی خەرجییەکانی سیادی و حاکیمە، پارەی لێدەبڕن بەبێ ئەوەی بریارێکی یاسایی بێ"."
گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد: سەرباری ئەوەی هەموو جارێ نێردراوانی کورد لە بەغدا ئەوە دەدەنەوە بەڕووی کاربەدەستانی بەغدا، بەڵام هیچ ساڵێ زیاتر لە 11% ی بودجەی عێراق نەدراوە بە هەرێم.
لەبارەی موچەو دەرماڵەی پێشمەرگە کە ساڵانێکە یەکێکە لە کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر،. دلێر تارق گوتی: "پێشمەرگە بەشێکە لە سیستمی بەرگریی عێراق،20% سنووری عێراق پێشمەرگە ۆاسی دەکەن، کەچی تائێستا بودجەیان بۆ دابین نەکراوە لە لایەن بەغداوە."
دلێر ڕوونیکردەوە، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ملیۆنێک موچە خۆری حکومی هەیە:
682 هەزار و 849 فەرمانبەر
زیاتر لە 225 هەزار خانەنشین و کەمئەندام.
لە هەرێمی کوردستان، نزمترین موچە 140 هەزار دینارە، بەرزترین موچەیش دەگاتە 948 هەزار دینار کە ئەویش بە پێی بڕوانامە دەگۆڕێ.
خشتەی بڕی ئەو بودجەیەی سێ ساڵە کە لە بەغداوە هاتۆتە هەرێمی کوردستان.
ساڵی 2012 بودجەی هەرێمی کوردستان 12 ترلیۆن و 604 ملیۆن دینار.
ساڵی 2013 بودجەی هەرێمی کوردستان 13 ترلیۆن و 339 ملیۆن دینار.
بۆ ساڵی 2014 بودجەی گشتی عێراق 163 ترلیۆن دینارە. بەشی هەرێمی کوردستان 16 ترلیۆن و 400 ملیۆن دینار دانراوە، بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم، هەولێر داوای 23 تا 24 ترلیۆن دینار دەکات..
- 20-01-2014