ڕۆژی دووشەممە 20-01-2014 لە ڕێوڕەسمێکدا تیروپشکی پێدانی خانوو و شووقەی نیشتەجێبوون بەسەر مامۆستایانی سنووری هەولێر دابەشکرا، بڕیاریشە هەمان پڕۆسە لە پارێزگاکانی دیکەی هەرێم و ئیدارەی گەرمیان جێبەجێ بکرێت.
ئەحمەد گەرمیانی، جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان کوردستان بە خەندانی ڕاگەیاند: دوای دابەشکردنی فۆرمی یەکەی نیشتەجێبوون بەسەر مامۆستایانی سنووری هەولێر ڕۆژی دووشەممە 20-01-2014 لە پڕۆسەیەکدا تیروپشک بۆ ئەو مامۆستایانە کرا کە مەرجەکانیان تێدا بوو.
ئەحمەد گەرمیانی وتیشی: لەکۆی شەش هەزار مامۆستا کە فۆڕمی وەرگرتنی شووقە و خانوویان پڕکردبووەوە، هەزار و 13 مامۆستا ئەویەکەیان بۆ دەرچووە، لەو ژمارەیە 533 یان خانووی یەک نهۆمییە و 418 یەکەی تر بەشێوەی شووقە درووستکراوە.
ڕوونیشکردەوە: ماوەی هەشت مانگە دەست بەدرووستکردنی ئەو یەکانە کراوە و لە ماوەی سێ ساڵدا پێویستە تەواو بکرێن، بۆ ئەمەش مامۆستایان لە ماوەی 100 مانگدا قستەکانیان دەدەنەوە، سەبارەت بە مەرجەکانیش خزمەتی هەرساڵێکی خزمەتی مامۆستا بەیەک خاڵ و خێزاندار دوو خاڵ و ئەوەی هاوسەرەکەی مامۆستابێت چوارخاڵ و منداڵیش خاڵێکی هەژمارکراوە.
درووستکردنی شاری مامۆستایان لەلایەن کەرتی تایبەت و بەقستی درێژخایەن بەو مامۆستایانە دەدرێت کەساڵانی خزمەتی زیاترە و خێزاندارە و لە ڕابردوو سوودمەند نەبووە، جگە لە هەولێرەش لەهەردوو پارێزگای سلێمانی و دهۆک و ئیدارەی گەرمیانیش درووست دەکرێت، بەڵام هەریەکەیان لە قۆناغی جیاوازدان.
- 20-01-2014