کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بۆ کاروباری هونەری ئاشکرای کرد کە 37 قەوارەی سیاسی و 718 پاڵێوراو بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەکەن.
ئەمڕۆ 20ی کانوونی دووەمی 2014 قاسم ئەلدەراجی یاریدەدەری سەرۆکی فەرمانگەی هەڵبژاردنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بۆ کاروباری هونەری لە بەیاننامەیەکدا کە وێنەیەکی دەست خەندان کەوتووە، ژمارەی قەوارە و پاڵیوراوە بەشداربووەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی ڕاگەیاند.
قاسم ئەلدەراجی وتی: "16 قەوارەی سیاسی و 241 پاڵێوراو کێبڕکێ لەسەر 30 کورسی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر دەکەن".
ئاماژەشی بەوەدا کە ژمارەی قەوارە سیاسییە بەشداربووەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە شاری سلێمانی 10 قەوارەیە و 318 پاڵێوراو کێبڕکێی لەسەر 32 کورسی دەکەن.
قاسم ئەلدەراجی وتیشی: "لە پارێزگای دهۆکیش 11 قەوارەی سیاسی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان تۆمارکراون و 159 پاڵێوراویش کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی کورسییەکانی ئەنجومەنی ئه و پارێزگایە دەکەن کە ژمارەیان 28 کورسییە".
کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عیراق بەردەوامە لە ئامادەکارییەکانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کە بڕیارە لە 30ی نیسانی داهاتوو، هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەڕێوەبچێت. هەفتەی ڕابردووش دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان تیروپشکی بۆ پێدانی ژمارە بە قەوارە سیاسییەکانی بەشداری هەڵبژاردنەکە ئەنجام دا.
- 20-01-2014