کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند، 107 لیست و قەوارەی سیاسی بەشداری هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی عێراق دەکەن، دوپاتیشیکردەوە، سورە لەسەر سازدانی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا.
بەغداد، ئاوێنەنیوز: سەرۆکی فەرمانگەی هەڵبژاردن لەکۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، میقداد شەریف، ئەمڕۆ چوارشەممە، لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کۆمسیۆن ڕەزامەندی لەسەر 277 کیانی سیاسی و هاوپەیمانی بۆ چونە هەڵبژاردن نیشاندا. دوپاتیشیکردەوە، "پاش کشانەوەی ژمارەیەک لەلیستەکان لەئێستادا 107 لیست و کیانی سیاسی لەسەرتاسەری عێراق بەشداری لەهەڵبژاردن دەکەن کە 36یان کیان و هاوپەیمانێتی سیاسی-یە".
هاوکات ئەمڕۆ کۆمسیۆنی هەڵبژاردن تیروپشکی بۆ ژمارەی کیانە سیاسیەکان دەستپێکرد، له و بارەیەشەوە شەریفی ڕایگەیاند، تیروپشکەکە مانای دەستپێکردنی پروپاگەندەی هەڵبژاردن نیە بۆ لیست و پاڵێوراوان. ڕونیشیکردەوە، دەستپێکردنی هەڵمەتی هەڵبژاردن لەلایەن ئەنجومەنی کۆمسیارانەوە ڕادەگەیەندرێت و لەسەر بنەمای سیستمی پروپاگەندەی هەڵبژاردن ژمارە 7ی ساڵی 2013 دیاریدەکرێت.
سەرۆکی فەرمانگەی هەڵبژاردن دوپاتیشیکردەوە، هەڵبژاردن لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام دەدرێت.
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 30ی نیسانی داهاتو بەڕێوەبچێت، لەئێستاشدا کۆمسیۆن لەئامادەکاری ئه و پڕۆسەیەدایە.
ژمارەی هەندێک لەلیستە بەشداربوەکانی هەڵبژاردن بەپێی تیروپشکەکەی کۆمسیۆن بەم جۆریە:
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان 274
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان 266
پارتی دیموکراتی کوردستان 213
بزووتنەوەی گۆڕان 234
کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان 237
بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان 275
لیستی برایەتی وپێکەوەژیان 210
بەرەی تورکمانی عێراقی 206
لیستی ئاشتی کوردستانی 258
هاوپەیمانی کوردستانی لە نەینەوا 243
هاوپەیمانی عەرەبی کەرکووک 242
هاوپەیمانی تورکمانی کەرکووک 282
دەوڵەتی یاسا، بەسەرۆکایەتی نوری مالکی 277
هاوپەیمانی موتەحیدون بۆ چاکسازی 259
کوتلەی بەیزا 288
هاوپەیمانی ئەحرار (سەدر) 214
چاکسازی نیشتمانی 205
- 29-01-2014