خەندان-رەهێل سەمەد
ئەمرۆ دووشەمە 10ی شوباتی 2014، سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسی لە شاری هەولێر، بە ئامادەبوونی نەقیبی ڕۆژنامەنوسان وسەرۆکی لیژنەی داکۆکی لە ئازادی ڕۆژنامەنوسی و مافی ڕۆژنامەنوسان و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی سەندیکا، ڕاپۆتی شەش مانگی کۆتایی ساڵی ڕابردووی لە ماوەی نێوان 01-07-2013 بۆ 31-12-2013 ی تایبەت بە پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند.
لاپەرەکانی ڕاپۆرتەکە کە بە وێنەی شەهید کاوە گەرمیانی دەستپێدەکات، حاڵەتەکانی تیرۆرکردن و هەوڵی تیرۆرکردن و لێدان و ڕێگانەدان و هەڕەشە و دەستگیرکردن و سوکایەتی لەخۆ دەگرێت، بە گوێرەی ئه و ڕاپۆرتە لە ماوەی 01-07-2013 بۆ 31-12-2013 یەک حاڵەتی تیرۆرکردن تۆمارکراوە ئەویش ڕۆژنامەنووس، کاوە گەرمیانیە، لەگەڵ حاڵەتێکی هەوڵی کوشتن بەرامبەر ڕۆژنامەنوس ڕەنجدەر ئیبراهیم.
هەرلە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، له و ماوەی ئه و شەش مانگەدا هەشت حاڵەتی لێدان بەرامبەر بە 20 ڕۆژنامەنوس و کامێرامان لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە، لەگەڵ پێنج حاڵەتی ڕێگانەدان و نۆ حاڵەتی هەرەشەکردن و دوو حاڵەتی سوکایەتی و و یەک حاڵەتی دەستگیرکردن تۆمارکراوە.
بە بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، کۆی گشتیی ڕێژەی پێشێلکاریەکان لەماوەی شەش مانگی کۆتایی ساڵی ڕابردوو بەرامبەر بەر ڕۆژنامەنوسان، دەگاتە 27 حاڵەت بەرامبەر بە 42 ڕۆژنامەنووس، ئەمە لەکاتێکدا لەشەش مانگی یەکەم 20 پێشلکاری بەرامیەر 30 ڕۆژنامەنوس ئەنجامدرابوو، ئەمە جگەلە هەندێک حاڵەتی دیکە کە تۆمار نەکراون، بەمەش ڕێژەی پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان لەشەش مانگی دووەم بەرامبەر شەش مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، زیادی کردووە.
دوای کۆنگرەی دووەمی سەندیکای ڕۆژنامەنوسان کە لە کۆتایی ساڵی 2007 بەرێوەچوو، سەندیکا هەرشەش مانگ جارێک ڕاپۆرتێک لە بارەی پێشێلکارییەکانی بەرامبەر بە ڕۆژنامەنوسان بڵاو دەکاتەوە و ئاراستەی لایەنی پەیوەندار و ڕای گشتی دەکات، تائێستاش 12 ڕاپۆرتی له و جۆرە بڵاوکراوەتەوە.
- 10-02-2014