بەرێز سەرۆکایەتی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان
بەڕێزان سەرجەم فراکسیۆنەکانی پەرلەمان
ئازادکردنی ڕێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان داواکاریی سەرجەم گەلی کوردە
بەڕێزان ماوەی پانزە ساڵە ڕێزدار عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە هۆی پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی و هەماهەنگی دەزگا هەواڵگرییەکانەوە ڕفێنراو و ڕادەستی حکومەتی تورکیا کرا و تا ئێستا لە ژوورێکی تاکە کەسی لە زیندانی ئیمراڵی دەستبەسەرە.
مرۆڤێکی تێکۆشەر، کە هەموو ژیانی تەرخانکردبێت بۆ خەباتی ڕزگاریخوازی میللەتەکەی بە ڕفاندنی تێکڕای ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکان و کۆنڤانسیۆنەکانی جنێڤ و یاسا پەسەند کراوە نێونەتەوەییەکان پێشێلکراوە.
ئەم شێوازە لە پیلانگێڕی و ڕفاندنی سەرکردەیەکی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلێکی ژێردەستە تەنها لە لایەن ئەو هێزانەوە ئەنجام دەدرێت، کە سەروەریی یاسا و ئازادی مرۆڤەکان و ئاشتی و مافی گەلانیان لاپەسەند نییە.
لەماوەکانی ڕابردوودا خەڵکی باکووری کوردستان و بزوتنەوەی ڕزگاریخوانەی گەلی کورد لەو بەشەی کوردستان بە پێشەنگایەتیی پەکەکە بەردەوام داکۆکی لە مافەکانی گەلی کورد و ئازادیی تێکڕای زیندانیانی سیاسی و بەرقەرارکردنی ئاشتییەکی سەرتاسەری و بە شکۆ کردوە.
هەڵمەتەکانی ئازادکردنی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان چەندین قۆناغی دژواری بڕیوە و لە ئێستادا داوای ئازادکردنی یەکجارەکیی بەڕێزیان بەتەنها داخوازی گەلی کورد و تێکۆشەرەکانی نییە، بەڵکو بووەتە داخوازییەکی جیهانی و بەشێک لە وەرگرانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و ژمارەیەکی زۆر پەرلەمانتار لەفراکسیۆنە جۆراوجۆرەکانی ناو پەرلەمانی وڵاتە پێشکەوتوەکاندا چەندین کەمپین و پرۆژە یاسایان بۆ ئازادکردنی ئەو ڕابەرە تێکۆشەرە پێشکەشکردوە و جەختیان لە پشتیوانیکردنی خەباتی ڕەوای گەلەکەمان و ئازادیی هەمیشەیی بۆ کورد و ئۆجەلان و تێکڕای زیندانیانی سیاسی کردوەتەوە.
روونە زیندانیکردنی هەر مرۆڤێک لەبەر بیربۆچوون و تێکۆشانی بۆ ئازادی پێشێلکردنێکی گەورەی مافەکانی مرۆڤە، چونکە تا ئەو کاتەی مرۆڤەکان ئازاد نەبن و مافی دەربڕێنی بیروبۆچونیان پارێزراو نەبێت دیموکراسی و ئاشتی بەرقەرار نابێت.
بۆ ئێمەی کورد داکۆکیکردن لە ئازادکردنی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان، جگە لە جەختکردنەوە لە مافەکانی مرۆڤ و داکۆکیکردن لە ئازادیی ڕادەربڕین ڕەهەندێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی و سیاسی هەیە و ئەوەش وادەکات ئێمە بە پێداگریی زیاترەوە داکۆکی لە ئازادی ڕۆڵە تێکۆشەرەکان و بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە زیندان بکەین.
ئێستا ئەوە سەلمێنراوە ئۆجەلان کارەکتەرێکی سەرەکیی گۆڕەپانی کوردستان و ناوچەکەیە و وەک کەسایەتی ساڵی گۆڤاری تایمزیش لەئاستی جیهان هەڵبژێردراوە و تەنانەت دەوڵەتێکی وەک تورکیا ناچار بووە دانوستانی لەگەڵدا ئەنجام بدات، کە ئەوەش بەهۆی خۆڕاگری و پاشەکشەنەکردن لە ماف و ئازادییەکانی گەلی کورد و داکۆکیکردن لە مافی گەلێکی بەشخوراو بووە لە لایەن ئەو سەرکردەوە.
هاوکات پشتیوانی بەردەوامی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد لە باکوور و داکۆکی خەڵک و شەقام ئەوەی سەلماندوە بە بێ ئازادیی سەرکردەیەکی وەک ڕێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان و سەرجەم زیندانیانی سیاسی قۆناغەکانی هاتنەدیی ئاشتی و دیموکراسی و بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد ڕووبەڕووی قەیران و گرفت دەبێتەوە.
بۆیە لێرەوە داوا لە تێکڕای پەرلەمانتاران و فراکسیۆنەکان وسەرۆکایەتی پەرلەمان دەکەین داوای ئازادکردنی ئەو ڕابەرە بەند کراوە و سەرجەم زیندانیانی سیاسی بکەن و فشاریش بخەنە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی هەرێم، کە داوا لە حکومەتی تورکیا بکەن بۆ ئازادکردنی ئەو ڕابەرە و سەرجەم زیندانیانی سیاسی کورد لەو وڵاتەدا. هەروەها لە کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکاندا بیکەنە ئەجیندای گفتوگۆکانیانەوە، چونکە مافەکانی مرۆڤ پێشێلکراوە و ڕابەرێک بەهۆی بیروبۆچوونەکانییەوە ڕاپێچی گرتوخانەیەکی بەدەر لە ستاندەرە جیهانییەکان لە دورگەی ئیمراڵی کراوە.
ناکرێت داخوازیی ئەو هەمو تێکۆشەر و ئازادیخوازە بە هەند وەرنەگیرێت و هیچ دەسەڵات و دەوڵەتێکیش ناتوانێت هێزی لە ئیرادەی گەلێکی ژێر دەستە بەرزتر بێت.
ئەمەش بە هیچ شێوەیەک ئەستەم نییە و لە نەورۆزی ڕابردودا لە گۆڕەپانی ئامەد بە خوێندنەوەی پەیامی ئەو ڕابەرە بۆ هاتنەدیی ئازادی و مافەکانی گەلی کورد و چەسپاندنی ئاشتی، ئەوە بۆ دۆست و ناحەز ڕوون بووەوە، کە هێزی لە بن نەهاتوی گەل لەگەڵ خواست و بۆچوون و نوسراوەکانی ئەو ڕێبەرەدایە.
لەماوەی زیندانیکردنیشدا حکومەت و بەرپرسانی تورکیا درێغیان نەکردوە لە فشار و هەوڵی لەناوبردن و ژەهرخواردکردن و بێبەشکردنی لە چاوپێکەوتنی پارێزەرەکانی و چەندینجار سزای ژووری تاکە کەسی لە ناو زیندانی تاکەکەسیدا بەرامبەری ئەنجامدراوە.
لەبەرامبەردا ئۆجەلان بە توانایەکی بێ هاوتا تێکڕای ئەو هەوڵانەی پەکخستوە و بە نووسراوە بە نرخەکانی چەندین ڕێگا چارەی ئاشتیانە و دەستپێشخەریی بۆ هەموان خستوەتەڕوو.
زیندانی دورگەی ئیمراڵی لە مێژووی عوسمانیەکان و تورکیای نوێشدا شوێنی لەناوبردن و دورخستنەوە و تەنانەت لە سێدارەدانی ڕکابەرەکانی حکومەت بووە، دۆخێکی ئەمنی و سەربازیی توندی بەسەردا سەپێنراوە و ڕاستەوخۆ لە لایەن سەرۆک وەزیرانەوە بەڕێوە دەبرێت و بەدەر لە یاسای زیندانەکانی تورکیاش مامەڵە لەگەڵ ئەو ڕێبەرە کوردەدا دەکرێت.
تێکڕای ئەو دۆخە و ئەرکە مرۆیی و ئەخلاقی و نیشتیمانی و نەتەوەیەکان پاڵی پێوەناوین بۆ پێشکەشکردنی ئەم یاداشتە و داواش لە ئێوەی پەرلەمانتاری بەڕێز دەکەین، کە ڕاستەوخۆ بە دەنگی خەڵک هەڵبژێردراون و متمانەی شەقامی کوردستانتان بەدەستهێناوە دەنگی خۆتان بخەنە پاڵ دەنگە ئازادیخوازەکانی دیکە تاوەکو کۆتایی بە زیندانیکردنی ئەو ڕێبەرە کوردە بهێنرێت و ئاشتی و ئارامی و مافە زەوتکراوەکان بۆ گەلی کوردی ستەمدیدەیە بگەڕێتەوە.
ناوی پشتیوانان و پاڵپشتیکارانی ئەم یاداشتە
1 - یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان (YNK)
2 – بزوتنەوەی گۆڕان
3 – پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان (PCDK)
4 – حیزبی ئایندەی کوردستان
5 - حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
6 – پارتی پارێزگارانی کوردستان
8 – حزبی شیوعی کوردستان
9 – کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK)
10 – کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان (KMMK)
11 - مەلا نادر کەسایەتیی ئایینی
12 – ڕێکخراوی دەستپێشخەریی کۆمەڵی مەدەنی (CSI)
13 – یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان
14 – کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان
15 – بزوتنەوەی ڕزگاریی دیموکراتی کوردستان
16 – بزوتنەوەی ئاشتیخوازانی کوردستان
17 – ناوەندی سلێمانیی بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان
18 – حزبی پێشکەوتنخوازی دیموکراتی کوردستان
19 – ڕێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان (RJAK)
20 – بزوتنەوەی هاوڵاتیی ئازاد و یەکسانی کوردستان
21 – کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپالارێزی کوردستان
کۆمیتەی ئامادەکاریی شەرمەزارکردنی پیلانگێڕیی (15)ی شوبات
14-02-2014 - سلێمانی