هاونیشتیمانیانی خۆشەویست
بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان هاوڵاتیانی دەڤەری ڕاپەرین
سڵاوی ئازادی و خەبات و ڕاپەرین
سبەی 5/3 هەموومان بەرەو یادەوەریەکی مەزن هەنگاو دەنێین،کەئەویش یادی بیست و سێیەمین ساڵڕۆژی ڕاپەرینی خەڵکی کوردستانە،کەلەم دەڤەرە سەربەرزەوە سەری هەڵداو سەرجەم کوردستانی لەدەستی ستەم و ئیستبدادی بەعسی لەناو چوو ڕزگارکرد،ئەوەی ئەوێ ڕۆژێ ڕاپەرینی گەیاندە سەرکەوتن یەک ڕیزی و خەباتی پێکەوەیی خەڵکی کوردستان و یەک ڕیزی حیزب ولایانە سیاسیەکانی بەرەی کوردستانی بوو..
ئەمرۆ کەهەموومان ئەم یادە پرشکۆیە دەکەینەوە، لەسەر ئاستی گشتی هێشتا ئامانج و هیواکانی ڕاپەرین بەکۆتا نەهاتوون هەر لە نەگەڕانەوەی بەشێکی زۆری خاکی کوردستان و بەدیهێنانی سیستمێکی دیموکرات و مرۆڤ دۆست و خەونی گەورەی سەربەخۆی کوردستان.هۆکاری دواکەوتنی ئەم خەونانەش بەرلەهەمووکەس هێز و لایانە سیاسیەکانی کوردستانن بەتایبەت هێزە دەسەڵاتدارەکان.ئەوەی ئەم یادە لێمان دەخوازێت جارێکی تر پێداچونەوەیە بەو ڕابردووە و سودبینینە لەهەڵەو کەمو کوریەکان و بونیات نانی سیستمێکی حوکمرانی دیموکرات وئازاد و شەفاف و هەنگاونانە بۆبونیات نانی دەوڵەتی نەتەوەی لەباشووری کوردستان.
لەسەر ئاستی دەڤەری ڕاپەرین،پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو بەڵێنانەی لە 22ساڵی ڕابردوودا بەخەڵکی ئەم دەڤەرەی داوە جێبەجێیان بکات، بەر لەهەموشیان بە پارێزگاکردنی قەزای ڕانیەیە و ئاوردانەوەی جدیە لە بواری خزمەتگوزاری و بەتایبەت کەرتی کشتوکالأ و تەندروستی لەناوچەکەدا.لە ئێستاشدا ئەوە بۆ سێیەمین ساڵە ئیدارەی ڕاپەرین دامەزراوە، بەڵام هەتا ئێستاش ئیدارەی ڕاپەرین بەشێوەیەکی ڕەسمی لەپار ێزگای سلێمانی جیانەکراوەتەوە و هەر وەک قەزایەک مامەڵەی لەگەلأ دەکرێت و نەتوانراوە بودجەیەکی تایبەت و سەربەخۆ بۆ ئیدارەی ڕاپەرین دەست نیشان بکرێت.
لەم یادە مەزنەدا ئێمە لە کۆمیتەی سەرکردایەتی ڕاپەڕین،خوازیارین کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاوڕی جدی لە کێشەکانی ناوچەکە بداتەوە و بەدەنگ خواست و داوای خەڵکی دەڤەری ڕاپەرینەوە بێت..
لەکۆتایدا،بەهیواین ساڵانی ئایندە لە چوارچێوە کوردستانێکی سەربەخۆ و دیموکرات و کراوەدا ئەم یادە مەزنە بەرز و پیرۆز ڕابگرین..
دروود بۆ گیانی شەهیدانی ڕاپەرین و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان..
کۆمیتەی سەرکردایەتی ڕاپەرین
حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
04-03-2014