( 16-03-1988 ) گەورەترین و ترسناکترین کارەسات بوو لەمێژووی مرۆڤایەتیدا، کەلە کۆتایی سەدەی بیستەمدا ئەنجامدرابێت. کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بەفەرمانی تاوانباری گۆڕبەگۆڕ (علی حسن المجید) بەچەند فڕۆکەیەکی سەربازی لە کاتژمێر (11)ی پێش نیوەڕۆ کە لەئەنجامدا نزیکەی(5000) هاووڵاتی لە ژن و منداڵ و پیر و گەنج بوونە قوربانی و نزیکەی(10000) بریندار و (70000)ی تریش ئاوارەو دەربەدەر بوون. لەئەنجامی ئەم کارەساتەدا ژینگەی هەڵەبجەو ناوچەکەش بەهۆی کاریگەری کیمیابارانەکە پیس بوو، دواتر بەدوای خۆیدا چەندین کاریگەری بۆ ڕۆڵەکانی داهاتووی جێهێشت لەوانە نەخۆشی نەزۆکی و کوێربوون و جەستەیی و دەروونی و دابڕان لە خێزان و شیرازەی خێزانە ڕزگاربووەکانیشی شێواند.
لە دوای ڕووخانی ڕژێم هەڵەبجە و ئەنفال و ڕاپەڕین بوون بە سومبولی ناساندنی گەلی کوردستان و کێشە ڕەواکەی، هەڵەبجە بوو بە مایەی گۆڕینی هاوکێشە سیاسەکانی ناوچەکە و کوردستانی زیاتر بەدونیای دەرەوە ناساند، بۆیە بووە دەستە خوشکی هێرۆشیما و ناکازاکی. حکومەتی هەرێم ساڵانە وەک وەفایەک بۆ شەهیدانی هەڵەبجە لە سەرتاپای کوردستان بۆ ماوەی پێنج خولەک بێدەنگی لەسەرجەم سارەکان ڕادەگەیەنێ.
ئێمە لە(سەنتەری ئەنفال) لەم ڕۆژەدا هاوخەمی خۆمان بۆ سەرجەم کەسوکاری قوربانیان لەئاست گەورەیی کارەساتەکە دەردەبڕین و پشتگیری لە سەرجەم مافەرەواکانی کەسوکاری قوربانیان دەکەین و داواکارین بەزوترین کات قەرەبوی ماددی و مەعنەویان بکرێتەوە و بەرکەوتوانیان بەزووترین کات چارەسەر بکرێن، کاری بەپەلەبکرێت بۆ ئاوەدانکردنەوەو گەیاندنی خزمەتگوزاری پێویست بۆ سنووری هەڵەبجە. بەردەوام هاوکارو هاوخەمین لە هەرچی زووە لەبەجینۆساید ناساندنی تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجە وشوێنەکانی تر. دەستخۆشی لەبڕیارە بوێرانەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین لە واژووکردن و بڕیاردان لەبەپارێزگا کردنی هەڵەبجە لەرۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی 13-03-2014 کە ئاوات و خەونی زۆربەی هاووڵاتیانی هەڵەبجە بوو. هیوادارین بەم بڕیارە کەمێک لە ئازارو مەینەتیەکانی دانیشتوانەکەی چارەسەر بکرێت، تا هەرچی زووە سەرجەم خزمەتگوزاریەکان بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە بەزووترین کات ئەنجامبدرێت.
هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجە وئەنفال و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان. سەنتەری ئەنفال
16-03-2014 هەولێر