بەهۆی کیمیارانی هەڵەبجەوە، نزیکەی 15000 کەس شەهید و برینداربوون، 112خوێندنگە، 32نەخۆشخانە، 216 گوندیش بە تەواوەتی وێرانکران جگە لە کاولکردنی شارەکە و 4 شارەدێی.
سلێمانی، ئاوێنەنیوز: ڕاگەیاندنی پارێزگاری سلێمانی ئەمڕۆ (یەکشەممە) بڵاویکردەوە لە16ی ئازاری 1988، ڕژێمی بەعسی ئێراق، شارۆچکەی هەڵەبجەی سەربە پارێزگای سلێمانی بە چەکی قەدەغەکراوی کیمیایی بۆردومان کرد، بەو هۆیەوە 5 هەزار هاووڵاتی ئەو شارە شەهید بوون و زیاتر لە 10 هەزار هاووڵاتی تریش برنیدار بوون.
هەروەک دەڵێت: جگەلە و زیانە زۆرە گیانییە، ڕژێمی ئێراق قەزاکەی بە تەواوتی وێران کرد و دانیشتووانی ناوچەکەی ڕاگواست و سەرجەم شارەدێ و گوندەکانی خاپور کرد.
مەحمود عوسمان، بەڕێوەبەری ئاماری سلێمانی، دەڵێت: ساڵی 1988 شارۆچکەی هەڵەبجە، بەخۆی و شارەدێکانییەوە (سیروان، خورماڵ، بیارە، سەیدسادق) و سەرجەم گوندەکانی بە ڕێژەی 100% وێران کرا، 24804 هەزار بینا و خانووی ئەو قەزایە لەگەڵ خاکدا یەکسان کرا، کە 22 هەزار بینایان شوێنی نیشتەجێ بوون بوو.
هەروەک دەڵێت: 112 خوێندنگە و 32 نەخۆشخانە و بنکەی تەندرووستی، 216 گوند بە تەواوەتی وێران کران، خزمەتگوزارییەکانی وەک: کارەبا، ئاو، فەرمانگە حکومییەکان، ڕێگەوبان، بە تەواوتی نەمان و لە ناوبران.
مەحمود عوسمان ڕوونیکردووەتەوە، 139472 هەزار کەس، کە دانیشتووی ناوچەکە بوون ئاوارە و دەربەدەربوون و ڕاگوێزران.
دوای ڕاپەڕینی بەهاری 1991ی خەڵکی کوردستان، ناوچەکە لە ڕژێمی ڕووخاوی بەغدا پاک کرایەوە، بەڵام تا ساڵانێکی دواتریش خزمتەگوزاریە پێویستەکان نەگەیەنرایە ناوچەکە بەهۆی شەڕی ناوخۆی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، یەکێتی و بزووتنەوەی ئیسلامی، یەکێتی و جوندالئیسلام.
لە ڕاگەیەنراوەکەی پارێزگاری سلێمانیدا هاتووە، لە ئێستادا جگەلە شاری هەڵەبجە وەک ناوەندی شارۆچکەی هەڵەبجە، شارەدێکانی سیروان، خورماڵ، بیارە و 124 گوند ئاوەدان کراونەتەوە لەگەڵ شارۆچکەی سەیدسادق و 28 گوندی سەر بەو قەزایە.تەنیا لە شارۆچکەی هەڵەبجە 25، 872 بینا درووستکراوە کە 20 هەزاریان نیشتەجێ بوونە، لە شارۆچکەی سەیدسادقیش 19 هەزار بینا درووستکراوە وەتەوە.
هەروەک دەڵێت: دانیشتووانی ئێستای شارۆچکەی هەڵەبجە جگەلە شارۆچکەی سەیدسادق کە پێشتر پێکەوەبوون، زیاتر لە 104 هەزار کەسە، 101 فەرمانگەی حکومی لە قەزاکەدا درووستکراوە وە. لە ساڵی 1988دا سەرجەم خوێندنگەکانی ناوچەکە کە ژمارەیان 112 خوێندنگە بووە لەگەڵ خاکدا تەخت کراو بوون، ئێستا 126 خوێندنگە درووستکراوەتەوە، هاوکات زانکۆیەک و 2 پەیمانگەش لە شاری هەڵەبجە درووستکراوە.
لە و ڕاگەیەنراوەدا هاتووە، تەنیا لە شارۆچکەی هەڵەبجەی ئێستا 52 نەخۆشخانە و بنکەی تەندرووستی درووستکراوە کە پێشتر بە شارۆچکەی سەیدسادقی ئێستاشەوە 32 دانە بوون و لە ساڵی 1988دا سەرجەمیان کاولکرابوون.
هەروەک دەڵێت:
هەژاری لە ناوچەکەدا 2، 4% ە کە کەمترین ڕێژەی ئێراقە.
بێکاری بۆ ئەو کەسانەی تەمەنیان لە 15 ساڵ بەرەو سەرەوەیە 15، 7%ە.
تێکڕای خەرجی تاک لە مانگێکدا لە شارۆچکەی هەڵەبجە 406 هەزار دینارە.
86% هەموو خێزانەکان خانوونی تایبەتیی خۆیان هەیە.
-16-03-2014