لەسلێمانی حەوتەمین ڤیستیڤاڵی نەورۆزی 2714 کوردی بەڕێوەدەچێت و بەهۆی قەیرانی داراییەوە ڤیستیڤاڵەکە لەلایەن یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستانەوە خەرجی دەکرێت.
سلێمانی، ئاوێنەنیوز: یاسین مەحمود، وتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە، بەئاوێنەنیوزی ڕاگەیاند، یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان تێچوی خەرجیەکانی نەورۆزی ئەمساڵی بەپێی چالاکیەکان لەئەستۆگرتوە.
ئاماژەی بەوەشدا، هەموو ئه و پێداویستیانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیەکانی تایبەت بەخۆئامادەکردن بۆ نەورۆز لێمان داواکراوە ئامادەمانکردوە، بەتایبەت جوانکاریەکانی ڕوناککردنەوە کە کارەبای سلێمانی داوایکردوه و سەرجەمی لەفەڕەنساوە هاتوە.
مەلا یاسین وتیشی، بەکۆی ئه و خەرجیانەی یەکێتی وەبەرهێنەران لەئەستۆی گرتوە 500 ملیۆن دینارە.
ساڵانە لەسلێمانی بەدرێژای شەقامی سالم چالاکی جۆراوجۆر بەبۆنەی جەژنی نەورۆز بەسەرپەرشتی و تێچوی پارێزگای سلێمانی ئەنجامدەدرا، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی ئه و قەیرانە داراییەی ڕوی لەهەرێمی کوردستان کردوە وەبەرهێنەران ئەرکە داراییەکەیان لەئەستۆگرتوە.
- 18-03-2014