ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند کە تا کۆتایی ساڵی (2013) لەلایەن ژوورەکانی ئۆپەراسیۆنەوە: (1486) داواکراو لەلایەن دادگاکانەوە دەستگیرکراون و 806 داواکراویش دەستگیر نەکراون.
لە ڕاگەیەندراوێکی ڕۆژنامەوانیدا کە وێنەیەکی بۆ خەندان نێردراوە، فەریق جەبار یاوەر مەندە ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە کە هاوکات ئەندام و وتەبێژی فەرمی فەرماندەیی گشتی هێزەکانی پاراستنی هەرێمە، ئاماری دەستگیرکردنی داواکراوانی لەلایەن ژورەکانی ئۆپەراسیۆنەوە ڕاگەیاند.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "لەسەر ڕۆشنایی نوسراوێکی فەرمی ڕێزدار سەرۆک بارزانی – سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەڕێزان وەزیرانی ناوخۆ و پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی 7/2011 بەمەبەستی گرتنە بەری ڕێگای یاسایی بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی بڕیاری ژمارە (23)ی ساڵی (2011)ی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە هاوکاریکردنی دادگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ دەستگیرکردنی داواکراوان لەلایەن دادگاکانەوە، و لە پاشاندا ڕاسپاردەکردنمان لەگەڵ بەڕێز لیوای مافناس (عەدوڵا خەیلانی – بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هەرێم) بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ئه و فەرمان و ئەرکە، ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی باڵامان لە نوێنەرانی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی ناوخۆ و ئاسایشی گشتی دامەزراند بۆ دانانی ڕێوشوێن و پلانی گونجاو بۆ ئەنجامدانی ئه و ئەرکە بە شێوەێکی یاسایی".
فەریق جەبار یاوەر ئاماژەشی بەوەداوە کە "لەپاشاندا (9) نۆ ژوری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشمان لە نوێنەرانی ئه و سێ دامودەزگایە دامەزراند لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان".
ئەوەش خراوەتەڕوو کە لەسەرەتای ساڵی (2012)وە دەست کرا بە کارکردن کە له و بەروارەوە هەتاکو کۆتایی ساڵی (2013) توانراوە بەشێوەی یاسایی و لەسەر ڕۆشنایی فەرمانی دەستگیر کردن لەلایەن دادگاکان، ژوورەکانی ئۆپەراسیۆنی باڵا وئۆپەراسیۆنی ناوچەکان ئەم ئەنجامەی خوارەوە بەدی بێنن:
1. ژمارەی گشتی داوکراوان بەپێی ئه و لیستەی وەرگیراوە لەلایەن ژووری ئۆپەراسیۆنی باڵاوە لە 19-07-2011،
(2327) داواکراو بووە لەلایەن دادگاکانەوە.
2. ژمارەی داواکراوی دەستگیرکراو کە ناویان لە لیستی داواکراوان بووە و بە فەرمانی دادگاکان دەستگیر کراون لەلایەن ژوورەکانی ئۆپەراسیۆنەوە تا کۆتایی ساڵی (2013)، (1486) داواکراو بووە لەلایەن دادگاکانەوە.
3. ژمارەی داواکراوانی دەستگیرنەکراو کە ناویان لە لیستی داواکراوان بووە کە (806) داواکراون و زۆربەیان شوێنی نیشتەجێبوونی ئێستاکەیان دیار نییە، یان لە دەرەوەی هەرێم یان لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێن.
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە "بەردەوام ژووری ئۆپەراسیۆنی باڵا و ژورەکانی ئۆپەراسیۆنی ناوچەکان لە هەوڵدان بۆ دەستگیرکردنیان بەمەبەستی ئامادەکردنیان لە بەردەم دادگاکانی هەرێمی کوردستان".
- 01-04-2014