خەندان- هێڤی خالید
لێپرسراوی بەشی خزمەت گوزاری لەسەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی ڕایگەدەیەنێت: لە یەکەمین ڕۆژی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا نزیکە 12سەرپێچی لەلایەن لایەنە سیاسیەکان و کاندیدەکانەوە کراوە، ئەوەشی ڕاگەیاند، کە سەرجەم سەرپێچیەکان تۆمارکراوە و نێردراوە بۆ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لقی سلێمانی.
ڕزگار ئەحمەد لێپرسراوی بەشی خزمەتگوزاری لەسەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی لە لێدوانێکی تایبەت بەخەندان ڕاگەیاند" سەرباری ئه و هەموو کۆبوونەوەیەی کە لەگەڵ کۆمسیۆن و قەوارە سیاسیەکاندا ئەنجامدرا بەمەبەستی پابەندبوون بەسیستمی هەڵبژاردنی ژمارە (7) لەماددەی (4)ی 2013دا، ئەمڕۆ یەکەمین ڕۆژی بانگەشەی هەڵبژاردن بوو، بەڵام بەداخەوە زۆرینەی لایەنەسیاسیەکان و کاندیدەکان هەستاون بە هەڵواسینی وێنە و پۆستەرەکانیان بەماددەی لکێنەر بەدیوارە ڕاگرەکانەوە و دارو عەمود و ترافیکەکانەوە."
وتیشی:" ئەوان پابەند نەبوون بە ڕێنماییەکانی کۆمسیۆن و بەڕێوبەرایەتیەکانی شارەوانیەکانی سلێمانی، لەگەڵ تیمەکانی سەرۆکایەتی شارەوانی و کارمەندانی خزمەتگوزاری و پۆلیسی شارەوانیەکان هەڵدەستین بەلابردن و لێکردنەوەی پۆستەر و وێنەی کاندید و لایەنە سیاسیەکان کە له و شوێنانەی کە قەدەغەیە".
ئەوەشی خستەروو: کە هەموو ئه و سەرپێچیانە تۆمار کراون و نێردراوە بۆ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان.
لێپرسراوی بەشی خزمەتگوزاری لەسەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، کە نزیکە 12سەرپێچی کراوە لەلایەن لایەنە سیاسیەکانەوە، ئه و شوێنانەی کە سەرپێچی تیاداکراوە بەرزە پردەکان و هێمای هاتوچۆ و دیوارە ڕاگرەکان و عەموودو درەختەکانن، زۆرینەی ئه و سەرپێچیانەی کەکراوە شەقانی سالم بەرانان شەقامی سەرەکی سەرچنار بەردەم باخی گشتی و پارکی ئازادییە.
هاوکات زەردەشت ڕەفیق بەڕێوبەری بەشی ڕاگەیاند لە سەرۆکایەتی شارەوانی ڕایگەیاند: هەموو ئه و لایەنانەی کە بەشدارن لە هەڵبژاردنەکاندا ئاگادار کراونەتەوە لەوەی کە پابەندبن بەڕێنماییەکانی کۆمسیۆن و شارەوانیەکانی سلێمانی.
ئەوەشی ڕاگەیاند: ئەگەر ئه و لایەنانە پابەند نەبن بەڕێنماییەکانەوە و لەدوای تەواو بوونی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان ماوەی یەک مانگ لەبەردەم لایەنە سیاسیەکاندایە بۆپاککردنەوەی سەرجەم ئه و شوێنانەی پۆستەرو وێنەکانیان پێوەکردوە، ئەگەر لەدوای ئه و مانگەوە پاکنەکرایەوە ئەوا شارەوانی سلێمانی هەڵدەستێت بە پاککردنەوەی ئه و شوێنانه و بڕی تێچوونی ئه و پاککردنەوەیە لە سەرجەم لایەنەکان وەر دەگرێتەوە.
لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی کودرستاندا کەلە 21ئەیلولی 2013دا ئەنجامدرا، سەرجەم لایەنە سیاسیەکان سزای دارایی دران بەهۆی پابەند نەبونیان بەڕێنماییەکانی کۆمسیۆن و شارەوانیەوە و کۆی گشتی ئه و سزایەش 184ملیۆن دینارە کەلە سەرجەم لایەنەسیاسیەکان سەندراوەتەوە لەبری پاککردنەوەی ئه و شوێنانەی کە پۆستەر و وێنەی کاندیدەکان و لایەنە سیاسیەکانی پێوەبووە، کەمترین سزای دارایش کەکراوە بۆ لایەنە سیاسیەکان حەوت ملیۆن دینار بووە.
- 01-04-2014