خەندان -سۆران کەریم
بە پێی ئەو زانیارییانەی لە لایەن نوێنەری حزبە کوردستانییەکانەوە دەست خەندان کەوتوون، ڕێژەی بەشداریکردن لە ناحیەی جەلەولا، لە کۆی 47 هەزار دەنگدەر، 21 هەزار و750کەس دەنگی داوە، ئەمەش لە کۆی 16 بنکە، بەڵام تائێستا ڕێژەی بەشداربوونی سێ بنکەی ئەو ناحییە نازانرێت کە لە ناو گوندە عەرەبە سوننەکان دانراوە.
هاوکات لە ناحیەی قەرەتەپە لە کۆی 24 هەزار دەنگدەر، نزیکەی 12 هەزار دەنگدەر بەشدارییان کردووە و ئەمەش ئەکاتە 50% دەنگدەران. هێمن مەنسوور، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی 8ی خانەقینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە خەندان_ی ڕاگەیاند :"لە پارێزگای دیالە ڕێژەی بەشداربوون نزیکەی 40% دەبێت، بەڵام تەنها لە ناوەندی خانەقین ڕێژەی بەشداربوون گەیشتووەتە سەرووی 65%".
روونشیکردەوە، بەپێی ئەو ڕێژەیە بێت، بۆ ئەم هەڵبژاردنە ئەگەر سێ کاندیدی کورد لە دیالە سەرنەکەون، بێگومان دوو کاندید سەردەکەون. بەڵام لە ناحیەی سەعدییە ڕێژەی بەشداریکردن نزیکەی 25% دەبێت، ئەمەش بە ڕێژەیەکی زۆر کەم دادەنرێت. بەڵام بەهۆی دروستبوونی گرفت لە کۆکردنەوەی پێداویستییەکانی بنکەکان، وەک بەرپرسێکی کۆمسیۆن لە قەزای کەلار ڕایگەیاند، تائێستا کۆی ڕێژەی بەشداربووان دیار نییە.
- 30-04-2014