وتەبێژێک لە مەکتەبی ڕاگەیاندنی(ی. ن. ک) لەبارەی چەواشەکارییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لە سەر ئاکامی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئەم ڕوونکردنەوانەی بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا.
1- هێشتا دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و ئەوانی تریش یەک لایی نەبۆتەوە بە تایبەتی جیاکردنەوە و ئەژمارکردنی دەنگەکانی دەنگدانی تایبەت بۆیە ڕمڵ لێدانی گۆڕان بۆ بردنەوەی پارێزگای سلێمانی بێ بنچینەیە، بەڵام ڕەنگە ئەمە باشترین گوزارشت بێت لە سەر شڵەژاوی ئەم بزوتنەوەیە و شۆکیان بەرامبەر دەرئەنجامی کۆتای هەڵبژاردنەکان لە هەرێم و عیراقدا.
2- سەبارەت بە ئاکامی هەڵبژاردنەکانیش لەسەر تاسەری هەرێم و ناوچە دابڕێنراوەکانی کوردستان و عیراق ئەوا بۆ هەموو لایەک دەرکەوتوە کە(ی. ن. ک) لە هەموو ئاستەکاندا سەرکەوتنی گەورەی بەدەست هێناوە (ی. ن. ک) بە شانازییەوە یەکەمی کوردستانە کە بەزاراوەی ئیتیفاقییەی سێڤر کوردستانی جنوبی (ویلایەتی موسڵ) ی پێدەڵێن واتا ئه و کوردستانەی کەمەلیک مەحمودی نەمر و هەموو بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی گەلی کوردستان نزیکەی سەد ساڵە خەبات بۆ سەلماندنی ناسنامە کوردستانییەکەی دەکەن (ی. ن ک) و دەنگدەرانی (ی. ن. ک)لە شێوەی دەنگدانێکی ڕیفراندۆم ئاسادا ناسنامەی کوردستانییەتی ئه و نەخشە مێژوییەیان سەلماندەوە، ئەمەش هەم شانازییە بۆ یەکێتی و هەمیش ئەرکی قورسی خەبات دەخاتە ئەستۆمان.
3- سەبارەت بە مانای بەرزبوونەوەی ڕێژەی دەنگەکانی یەکێتیش ئەوا هێندە دەڵێین شارەزایانی بواری هەڵبژادن پێیان وایە ئەگەر ڕێژەی دەنگەکانی حزبێک لە نێوان دوو هەڵبژادنی چوار ساڵیدا لە سەدا پێنج بەرزبێتەوە ئەوا بەڵگەی سەرکەوتنی ئه و حیزبەیە، یەکێتی ڕێژەکەی زیاتر لە سەدا بیست بەرزبۆتەوە بە ڕەچاوکردنی کورتی ماوەی نێوان هەردوو هەڵبژادنی 21-09-2013 و 30-04-2014 ئەم ڕێژەیە بۆ سەرتاسەری کوردستان و بە خودی پارێزگای سلێمانیشەوەیە.
4- ئاکامی بە دەست هاتووی هەردوو لا (ی. ن.ک و بزوتنەوەی گۆران) لە هەڵبژادنەکاندا دەرخەری ئه و ڕاستییەیە کە کۆمەڵانی خوڵکی کوردستان دەرکی سیاسەت و ناسنامەی هەدوولا دەکەن.
خەڵکی کوردستان بە گشتی و ناوچە دابڕێنراوەکانیش بە تایبەتی سەلماندیان کە بزوتنەوەی گۆڕان بزووتنەوەیەکی لۆکاڵییە، وە ئەرکە قورسەکانی چارەسەری ڕاست و ڕەوا و ژیرانەی کێشەکانی نێوان کوردستان و بەغدا، دۆسییەکانی بودجە و پێشمەرگە و ماددەی 140 و شەراکەتی ڕاستەقینە بە(ی. ن. ک) سپاردووە ڕوبەرووبونەوەی تیرۆر و تەعریب و شۆفێنیزمیان بە یەکێتی سپاردوە و ئه و متمانەیەیان پێداوە.
5- ئێمە وەک حزبێکی دیموکرات و باوەڕمەند بە متمانەی جەماوەر چاوەرێی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و تێکرای هەرێمی کوردستان و هەڵبژادنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەکەین و وە ئاکامەکەی هەرچییەک بێت قبوڵی دەکەین و هیوادارین بزوتنەوەی گۆرانیش هەر لەئێستاوە ڕایبگەیەنێت کە ئەنجامەکە قبوڵ دەکات.
لەگەڵ دەرکەوتنی ئاکامی هەڵبژادنەکانیشدا قۆناغی نوێی سیاسی لە کوردستان و عیراق دەستپێدەکات (ی. ن. ک) یش خۆی بۆ ئه و قۆناغە نوێیە ساز و ئامادە دەکات.
وتەبێژێک لە مەکتەبی ڕاگەیاندن
02-05-2014