خەندان ڕەهێڵ سەمەد
بە گوێرەی ئەنجامە سەرەتاییە نا ڕەسمیەکانی پارێزگای نەینەوا، پارتی 8 بۆ 10 کورسی و یەکێتی نزیکەی چوار کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەدەست دەهێنن، هەریە کە لە یەکگرتوو و کۆمەڵ و سوسیالیست و زەحمەتکێشان کە لەگەڵ پارتی هاوپەیمان بوون نەیانوتوانیوە هیچ کورسیەک بەدەستبهێنن.
سەعید مەموزینی کارگێڕی لقی 14ی پارتی لەموسڵ بە خەندانی ڕاگەیاند: لە هەڵبژاردنی 30-04-2014 بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە پارێزگای نەینەوا پارتی دیموکراتی کوردستان 135هەزار دەنگی بەدەستهێناوە.
وتیشی: "بەگوێرەی ئه و دەنگانە پارتی 8 کورسی ئەنجومەنی نوێنەران بەدەستدەهێنێت، لەگەڵ دوو کورسی کۆتا".
لای خۆیەوە حسێن دەرمان، کارگێڕی مەڵبەندی یەکێتی لە موسڵ پێیراگەیاند: "لەهەڵبژاردنی ئەمجارە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەنگەکانی زیادیکردوە بەجۆرێک لە هەڵبژاردنی ڕابردوو 50 هەزار دەنگی هێنابوو، بەڵام ئەمجارە دەگاتە نزیکەی 70هەزار دەنگ، بەش ژمارەی کورسیەکانمان لە سێ کورسیەوە بۆ چوار کورسی بەرز دەبێتەوە".
بەگوێرەی زانیارییەکانیش هەریەکە لە یەکگرتوو و کۆمەڵ و سوسیالیست و زەحمەتکێشان کە هاوپیمان بوون لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان نەیانوتوانیوە هیچ کورسیەکی ئەنجومەنی نوێنەران بەدەستبهێنن.
پارێزگای نەینەوا کە ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی سێ ملیۆنە،31 کورسی نیشتیمانی و سێ کورسی کۆتای ئەنجومەنی نوێنەرانی بەردەکەوێت، بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەکان لیستی ئەلموتەحیدون بەسەرۆکایەتی ئوسامە نوجێفی زۆرترین کورسی ئه و پارێزگایە بەدەستدەهێنێت.
- 04-05-2014