خەندان هێڤی خالید
بەڕێوەبەری بەشی خزمەتگوزاری لە سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، تا ئێستا 600 بۆ 650 سەرپێچی لایەنەکانیان لە کاتی بانگەشەدا تۆمارکردوە، ئەگەر تا کۆتایی ئەم مانگەش پۆستەرەکانیان لێ نەکەنەوە، ئەوکات تێچووی ئه و کارەیان له و بڕە پارەیە لێوەردەگیرێت کە لەلای کۆمسیۆنە.
رزگار ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەشی خزمەتگوزاری لە سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی بە خەندانی ڕاگەیاند: لە سەرەتای هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانەوە، لە ڕێگەی تیمەکانی بەشی خزمەتگوزاری و ڕاگەیاندنی شارەوانییەوە، سەرجەم پێشێلکارییەکانی قەوارە سیاسییەکان کە پابەندی ڕێنماییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن نەبوون تۆمارکراوە، دواتر کراوەتە ڕاپۆرتێک بۆ کۆمسیۆن نێردراوه و لە ڕێگەی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانیەوە دەکرێتە غەرامە.
وتیشی: "ئه و لایەنەی قەبارە حزبەکەی گەورەتره و ژمارەی کاندیدەکانی زیاترە، زیاتر پێشێلکاری ئەنجامداوە، چونکە کەرەستەی زیاتری هەڵواسیوە بە شوێنە قەدەغەکراوەکاندا و مادە لێنەرەکانی بەکارهێناوە و لە هەڵبژاردنی پێشوودا ئه و مادانەی بەکارهێنران قەدەغەکراویان زۆر تێدابوو، بەجۆرێک هەندێکیان بۆ لێکردنەوەیان مادەی دیکەمان لە دەرەوە بۆ لێکردنەوەیان هێنا".
راشیگەیاند: لەم هەڵبژاردنەشدا قەبارەی ژمارەی سەرپێچییەکان زۆر لە پێشوو زیاترە، بەهۆی ئەوەی ئەمجارە دوو هەڵبژاردن هەبووە، پەرلەمان و ئەنجومەنی نوێنەران، بۆیە لە ئێستادا نزیکەی 600 بۆ 650 سەرپێچی لەلای لیژنەکانیان تۆمارکراوە، بۆیە ماوەی مانگێکیان وەک مۆڵەت پێدراوە بۆ ئەوەی له و ماوەیەدا پۆستەرو لافیتەکانیان لێبکەنەوە، ئەگەرنا کارمەندەکانیان خۆیان به و کارە هەڵدەستن و دواترب له و پارەیە لە قەوارە سیاسییەکان وەردەگیرێتەوە کە وەک بارمتە لای کۆمسیۆن دایان ناوە.
ئەوەشی خستەڕوو: لە هەڵبژاردنی پێشوودا 184 ملیۆن دینار غەرامەی قەوارە سیاسییەکانیان کرد لەسەر سەرپێچیەکانی هەڵبژاردن، ئەمجارەیان پێشبینی سێ ئەوەندەی ئه و پارەیە دەکەن.
- 08-05-2014