خەندان -ڕاماڵ قەسرەیی
پاشنیوەڕۆی هەینی بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە یاریزان و میدیاکار و گەشتیاری ناوخۆ و بیانی لە ناوچەی باڵەکایەتی ڤیستیڤاڵی لێخوڕینی بەلەم ئەنجامدرا کە بۆ یەکەمین جارە لەسەر ئاستی ئێراق و هەرێمی کوردستان ڤیستیڤاڵی لەم جۆرە ئەنجام دەدرێت.
بەختیار قادر، بەرپرسی ژووری ڕاگەیاندنی ئۆفیسی چۆمانی ناشناڵ پارکی هەڵگورد سەکران بەخەندانی ڕاگەیاند، بە بەشداری دەیان یاریزانی نێودەوڵەتی و میدیایی جیهانی بواری دیکۆمینتاری و دامەزراوەی سرووشتی ئێراق و کۆمەڵەی ئەمریکی بۆ بەلەمی سەوڵ و کۆمپانیای سویسری بۆ گەشتی سەرکەوتن بەسەر چیاکان، لە ناوچەی باڵەکایەتی ڤیستیڤاڵی لێخوڕینی بەلەم ئەنجامدرا.
وتیشی: ڤیستیڤاڵەکە لەلایان ئۆفیسی چۆمانی ناشناڵ پارکی هەڵگورد سەکران و بەسپۆنسەری کۆڕەک تلیکۆم ئەنجامدرا کە کاتژمێر (2) پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ڕووباری حاجی ئۆمەران دەستی پێ کرد و بڕیاریشە (11)رۆژ بەردەوام بێت لەرووبارەکانی باڵەکایەتی و ڕواندز.
بەوتەی بەختیار قادر، جگە لەبەلەم لێخوڕین تیایدا چەندین چالاکی هونەریی و ڕاهێنانی کەسانی ئارەزوومەند لە لێخوڕینی بەلەم و چەندین کرداری پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکانیش لەلایان کەسانی پسپۆڕی ژینگەیی نێودەوڵەتی ئەنجام دەدرێن.
هاوکات بەختیار قادر هێمای بۆ گرنگی چالاکییەکە کرد و وتی: بۆ یەکەمین جارە لەسەر ئاستی ئێراق ڤیستیڤاڵی لەو جۆرە ئەنجام بدرێت و مەبەستی سەرەکیشمان ناساندنی لایەنی گەشتیاریی هەرێمی کوردستانە بە وڵاتانی بیانی و ڕاکێشانی زۆرترین گەشتیار و ڕێزگرتنە لە ئاو لە هەرێمی کوردستان.[1]
-09-05-2014