(بەناوی خوای گەوره و میهرەبان)
مامۆستایانی سەربەرزی کوردستان.. بەرپرسانی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان.. وەک ئاشکرایە لە ئەنجامی بێ پلانی حکومەتی هەرێم و ئه و قەیرانەی لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا دروست بووە، ماوەی چەند مانگێکە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان زۆر لە وادەی دیاریکراوی خۆی دوا دەکەوێت، ئەمەش بە ئاشکرا کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی هاوڵاتیان بە گشتی دروست کردووە، بۆ ئه و مەبەستەش هێشتا بەرپرسانی حکومەت و دەسەڵاتدارانی هەرێم نەیانتوانیوە چارەسەرێک بۆ قەیرانەکە بدۆزنەوه و فەرمانبەران و موچەخۆران له و تەنگژه و بارگرانیە دەرباز بکەن.
لە ئێستاشدا کە وەرزی ئەمساڵی خوێندن بەره و کۆتایی دەچێت و تەنها تاقیکردنەوەکان لەبەردەم مامۆستایاندا ماوە، دواکەوتنی موچە خۆی لە مانگی دووەم نزیک دەکاتەوە، ئەم حاڵەتەش جیاواز لە مانگەکانی ڕابردوو زیاتر تەنگی بە فەرمانبەران و مامۆستایان بە گشتی هەڵچنیوە، چونکە لەگەڵ دواکەوتنی موچەدا ئەنجامدانی ئەزمونەکانی کۆتایی وەرزی دووەم ئەرکێکی تری گرانی سەرشانی مامۆستایانە، بەرهەمی ئەمساڵی ڕەنجی مامۆستایان و قوتابی و خوێندکارانیش ماوەتەوە سەر ئەم چەند ڕۆژەی داهاتوو، هەر بۆیە نیگەرانییەکان پەرەیان سەندووه و ناکرێت لەوە زیاتر هاوڵاتیانی موچەخۆری کوردستان ببنە قوربانی.
مامۆستایانی بەڕێز.. ئێمە لە لیستی هاوبەشی مامۆستایان کە هەرچوار لایەنی مامۆستایانی (سەردەم، یەکگرتوو، پێشەنگ، سەربەخۆ) لەخۆ دەگرێت، لەکاتێکدا چاوەڕێ بووین لە سکرتاریەتی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان کە هەفتەی ڕابردوو کۆبوونەوەی مەکتەبی تەنفیزی ئەنجامدا، هەڵوێستێکی شیاو و گونجاو لە بەرامبەر ئه و حاڵەتەدا وەربگرێت، بەڵام بەداخەوە هیچمان لێیان نەبینی، بۆیە ئێمە وەک لیژنەی باڵای هاوبەش و بەشدار لە یەکێتی مامۆستایان ئه و بەرپرسیارێتییە ئەخەینە ئەستۆی سکرتاریەت و پشتیوانی هەر هەڵوێستێکی شیاوی ناڕەزایی مامۆستایان دەکەین تایبەت به و بوارە، ئەمە لەکاتێکیشدایە کە تازە هەڵبژاردنەکانی هەرێم کۆتاییان هاتووه و بوجەیەکی گەورە له و بوارەدا خەرج کراوە، کەواتە بۆچی حکومەتی هەرێم بەدوای چارەسەری بێ موچەییدا ناگەڕێت، کە تا ئێستا هیچ ئاسۆیەکی دیار نییه و بە کۆتایی هاتنی تاقیکردنەوەکانیش دوو مانگی تەواو بەسەر پێ نەدانی موچەدا تێپەڕ دەبێت.
لەم ساتە هەستیارەشدا ئێمە چارەنوسی قوتابیانمان لە پێشچاو گرتووە، بۆیە وێڕای ئەوەی هیوای سەرکەوتنی تاقیکردنەوەکان دەخوازین، داواکارین بەرپرسانی پەروەرده و حکومەتی هەرێم ئەم قوربانیدانەی مامۆستایانیان لەپێشچاو بێت و چیتر بەرژەوەندی گشتی موچەخۆران و مامۆستایانیان بەتایبەتی بیر نەچێت و بە زووترین کات موچەی هەردوو مانگەکە دابین بکەن، چونکە وەک ئەوەی مامۆستایان گەورەترین توێژی موچەخۆری کوردستان پێکدێنن، گەورەترین کاریگەریی نەرێنیش بەسەر هاوڵاتیانەوە بەجێدەهێڵێت، هەروەها داوا لە مامۆستایانی خۆشەویستیش دەکەین پشتیوانمان بن بۆ گرتنی هەر هەڵوێستێک کە لە داهاتوودا دەیگرینە بەر، ئێمەش لە لیستی هاوبەشی مامۆستایان لە خزمەتی هەر خواست و داوایەکی مامۆستایانداین بۆ بەدیهێنانی ئامانج و داخوازییەکانیان.
لیژنەی باڵای لیستی هاوبەشی مامۆستایان
یەک شەممە 11-05-2014