بەڕێزان ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان
دوای سڵاو
وەک ڕوونە دووجار بەرەزامەندی و لەسەر داوای جەنابی مام جەلال و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی بەرپرسیارێتی پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمم لەکابینەی پێنجەم و حەوتەم سپێردرا، لەو پۆستەو تەواوی پۆستەکانی تر بەهاوکاری ئێوەو تەواوی ئەو ستافەی لەگەڵم بوون، بەجیدی کارم بۆ خزمەتکردنی دۆزی ڕەوای میللەتەکەم و بەدامەزراوەیی کردنی حکومەت و دەزگاکانی کرد، هەروا کارم بۆ خزمەتکردنی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش کرد، لەو سۆنگەیەوە کەیەکێتی کۆڵەگەیەکی سەرەکی کوردایەتی و هێزێکی بنەڕەتی پێشخستنی کۆمەڵگەی کوردستانەو بڕوام وابوو لەرێگەی خزمەتکردنی یەکێتیەوە هەموومان خزمەتگوزاری گەلەکەمان دەبین و لەم قۆناغەشدا وەکو سەرەوەریەکانی ڕابردوو لەریزی پێشەوەدا دەبین.
ئێستا ئێمە لەبەردەم گفتوگۆی پێکهێنانی کابینەی هەشتەمی حکومەت داین، لەدواین کۆبونەوەی سەرکردایەتی بڕیاری ئەوە درا دوای وەرگرتنی بەرکەوتی شایستە بەخۆمان ئێمەش بەشداری حکومەت بین و جێگری سەرۆک وەزیرانیش بۆ یەکێتی دەبێت، لەم کاتەدا باسو خواسی ئەوە لەئارادایە کەکێ بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە دیاریدەکرێت، من لێرەوە بەئێوەی بەڕێزی ڕادەگەیەنم کەبۆ دیاریکردنی کاندیدی یەکێتی بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەت دەستکراوە بن و کێمان بەشایستەزانی بەهەموومان لێی دودڵ نەبین و منیش یەکەم کەس دەبم بۆ پشتیوانی هاریکاریکردنی، چونکە لای من داکۆکی بەرژوەندی باڵای خەڵکی کوردستان و یەکڕیزی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان گەورەترین و پۆست و داواکاریە.
براتان
عیماد ئەحمەد
12-05-2014