روونکردنەوەیەک بۆ ڕای گشتی کوردستان
ئێمە وەک چوار لایەنی بەشدار لە پرۆسەی هەڵبژاردن لە سنوری پارێزگای #سلێمانی# هەر زوو هۆشداریمان دا بەوەی کە لایەنێک دەیەوێت تەزویرێکی ڕێکخراو بە چەند قۆناغێک و بە چەند شێوازێک ئەنجام بدات و مافێکی سەرەتایی هەموو دەنگدەرێک کە دەنگدانە پێشێل بکات، لە ڕۆژی دەنگدانیشدا هەمان ئەو لایەنە تەزویرێکی ڕێکخراوی ئەنجامدا کە چەندین بەڵگەی حاشاهەڵنەگرمان لەبەردەستدایە و سکاڵامان تۆمار کردوە.
پاش دەرکەوتنی دەرەنجامی سەرەتایی هەڵبژاردنەکان لەلایەن ڕاگەیاندنی حیزب و کەناڵەکانەوە، ئەو لایەنە کەوتە ڕێخۆشکردن بۆ ڕەتکردنەوە و ئاوەژووکردنەوەی ئەو ئەنجامانە بەوەی کە تەنها سەرچاوە بۆ ڕاگەیاندنی دەرەنجامەکان کۆمسیۆنە.
پاشان دەرەنجامی ئەنجومەنی پارێزگاکانمان لەلایەن ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆنەوە وەرگرت، کە تائێستا ئەنجامەکانی نزیکەی (100) وێستگەمان بەدەست نەگەیشتوە، ئەمە وێڕای ئەوەی کە چەند جار و لە ڕێگای چەند کەناڵێکەوە داوای ئەو ئەنجامانەمان لێکردون، بەڵام بێ ئەنجام بووە.
هۆکارەکەشی دەگێڕنەوە بۆئەوەی گوایە بەدەستیان نەگەیشتوە، ئەمەش جێگای گومانێکی گەورەیە. چونکە وێنەی دوەمی فۆڕمی ئەنجامەکان دەچێتە مەکتەبی پارێزگای کۆمسیۆن.
پاش بەراوردی ئەنجامەکان دەرکەوت ئەنجامی بریکارەکانمان لەگەڵ ئەنجامی ڕەسمی کۆمسیۆن تاڕادەیەک هاوتان، بەڵام لەلایەن لایەنێکی سیاسیەوە بەشێوازێکی بەرنامە بۆ داڕێژراو کاردەکرێت بۆ ئاوەژوکردنەوەی ئەو ئەنجامە ڕاستەقینە فەرمیەی کە لە کۆمسیۆنەوە وەرمانگرتوە.
ناکرێت دەرەنجامی ڕاستی دەنگی خەڵک ساختەکاری تێدا بکرێت بۆ ڕازیکردنی تەنها یەک لایەن لە سلێمانیدا و لایەنەکانی تر بێبەش بکرێن لە مافی دەنگدەرەکانیان.
بۆیە ئێمە بەدەر لە دەرەنجامە فەرمییەکانی کۆمسیۆن کە بە فۆڕمی (902) گەیشتۆتە دەستمان بەهیچ دەرەنجامێکی تر ڕازی نابین و ڕەتی دەکەینەوە، ئۆباڵی هەر پێشهاتێکیش دەخەینە ئەستۆی بەرپرسی ئۆفیسی کۆمسیۆنی سلێمانی و لایەنی ساختەکار.
ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان - دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان - مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان - ناوەندی هەڵبژاردنی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان
16-05-2014