دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی بەیاننامەی چوار لایەنی سیاسی لە سلێمانی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، بۆ جاری دووەم، چوار لایەنی سیاسیی بەشداری هەڵبژاردن، پارتی، کۆمەڵ، گۆڕان، یەکگرتوو، لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی، بەیاننامەیەک لەسەر ساختەکاری هەڵدەبەستن، بەم ڕوونکردنەوەیە ڕایدەگەیەنین کەوا:
یەکەم: یەکێتی تەنها چاوەڕوانی ڕاگەیاندنی ڕەسمی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانە، ئەنجامەکەی چۆن ڕابگەیەنرێت، قبوڵمانە. گەرچی لەسەراپای کوردستاندا سەدان بەڵگەی بچووک و گەورەمان لایە، بە کۆمسیۆنی پارێزگاکانیشمان ڕاگەیاندووە و سەلماندووە و وەکو سکاڵای یاسایی تۆمارمان کردووە کە چۆن ساختەکاری و دەستکاری لیست و دەنگەکانمان کراون.
دووەم: ئەو چوار لایەنە، چوار بەرامبەر بە یەکێتی بەرپرس و چاودێریان لەسەر وێستگە و ناوەندەکانی دەنگدان هەبووە، دەپرسین خێرە لەناو هەرسێ پارێزگاکەی هەرێمدا تەنها لە سلێمانی چاودێرەکانی ئەو چوار لایەنە چاوکراوەن و لەپارێزگاکانی هەولێر و دهۆکدا متەقیان لەخۆیان بڕیوە!
سێیەم: لەهەولێردا ئەنجامی 331 محەتە نەدراوەتەوە حزبەکان، یەکێتی شکاتی لەسەر ئەو کێشەیە کردووە، نوێنەری گۆڕان و لایەنەکانی تریش ئاگادارکراون شکات بکەن، دیسان دەپرسین بۆ لەبەرامبەر ڕێساشکێنیی ئاوهای کۆمسیۆنی هەولێر، گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو بێدەنگن، کەچی بۆ سلێمانی مێش دەکەنە گامێش.
لەکۆتاییدا دەڵێنین، لە هەڵبژاردنی 21-9 دا یەکێتی دڵنیا بوو دەنگەکان سەنگی یەکێتی نەبوو، بەڵام ئەنجامەکەیمان قبوڵکرد؟، لەوە دەچێت ئەم لایەنانە دڵنیا بن سەرەنجامی دەنگەکانیان بەدڵ نەبێت، بۆیە پێشوەخت ئەم هەڵا و بگرەیە دەنێنەوە، بەدڵنیایشەوە لە سلێمانی، هەولێر و دهۆک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم دەنگی یەکێتی بەشێوەیەک هەڵکشاوە کە ڕەنگدانەوەی سەنگ و قورسایی خۆی، سیاسەتی ژیرانەی یەکێتییە لەم قۆناغەدا. بۆیە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە هەموو ئەو هەوڵە بێ بەڵگانەی دەنرێن بێئەنجام دەبن و وەک نەخشی سەرئاو دەبن.
لەگەڵ ڕێزماندا
دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
16-05-2014