ناو: ئیبراهیم
ناوی باوک: ئەحمەد شوان
ئیبراهیم ئەحمەد شوان- شاعیر
نوسینی: #خالید عومەر عوسمان#
(ئیبراهیم ئەحمەد شوان) ساڵی 1950 لە گوندی (#گردعازەبان#) ی شاری #هەولێر# لەدایک بووە، قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی لە گردعازەبان و ناوەندی لە هەولێر تەواوکردووە، ساڵی 1970 خانەی مامۆستایانی لە هەولێر تەواوکردووە، ساڵی 1971 بە مامۆستا دامەزراوە لە گوندی (شێخ شێروان)، ساڵی 1981 چووەتە کۆلیژی ئاداب/ بەشی زمانی کوردی لە زانکۆی سەڵاحەددین و ساڵی 1986 بەکالۆریۆسی وەرگرتووە، ساڵی 1987 لە ماستەری ئەدەب وەرگیراوە و لەساڵی 1989 بڕوانامەی ماستەری وەرگرتووە، ساڵی 1992 گوازراوەتەوە بەشی زمانی کوردی لە زانکۆی سەڵاحەددین- کۆلیژی ئاداب، ساڵی 1993 لە دکتۆرای ئەدەب وەرگیراوە و لەساڵی 1996 دکتۆرای تەواو کردووە کە لەسەر (مەحوی) بووە و یەکەم کەس بووە لە زانکۆی سەڵاحەددین دکتۆرای بەدەستهێناوە، لەساڵی 1997 تا 2005 سەرۆکی بەشی زمانی کوردی بووە لە کۆلیژی ئاداب، ساڵی 2000 بووەتە پرۆفیسۆری یاریدەدەر، ساڵی 2008 بووەتە پرۆفیسۆر، ساڵی 2017 خانەنشین بووە، ساڵی 1970 یەکەم شیعری بڵاو کردۆتەوە لە گۆڤاری (تیشک) کە خانەی مامۆستایان دەریدەکرد، ساڵی 1977 یەکەم دیوانی شیعری بەناوی (دەنگێ لە گردعازەبانەوە) بڵاو کردەوە، ساڵی 1978 (لەیلا و مەجنون) بە شیعر بڵاو کردەوە، ساڵی 1985 کۆمەڵە شیعرێکی منداڵانی بەناوی (خەرمانلۆغە) بڵاو کردەوە، دوو جاران لە زانکۆی کوردستانی سنە بەشداری لە کۆنفراسی ئەدەبی کردووە و باسی پێشکەش کردووە، لە زۆربەی کۆنفرانسە ئەدەبییەکانی هەرێم بەشداری کردووە و توێژینەوەی پێشکەش کردووە، تا ئێستا (26) کتێبی بەچاپ گەیاندووە و یەکێک لەوانە (تەفسیری قورئان) ە، چەند بەرهەمێکی دیکەی لە دانان و وەرگێڕان ئامادەن بۆ چاپ کردن، لەوانەش: (شیعری سۆفیانە لە ئەدەبی کۆنی کوردیدا/ جوانیناسی)،
نموونەیەکی شیعری/ ئاواتێ 1977
تا مرۆڤێ لەم زەمینەدا برسی بێ
تا لە ژینی ئاسایی پڕ مەترسی بێ
تا گشت کەسێ وەک یەکتری مرۆڤ نەبێ
تا لە ماف و ئەرکی ژینا بێ ئۆف نەبێ
هەتا زمان لە دەربڕین سەربەست نەبێ
تاکو گیان بۆ بەهاری هەق مەست نەبێ
تا گورگی ناو پێستی مەڕ ئاشکرا نەبێ
تا کۆشکی شەهوەت پەرستان خرا نەبێ
تا هوتافی ڕاستی لەناو بۆتەی و نا
قوتار نەبێ لەژێر چڕنووکی دوژمنا
چوونی (سۆیۆزو ئەپۆلۆ) بۆ جەرگی مانگ
بێ سوودە وەک لەناو کوولەکە بدرێ بانگ
ئەم ژیاننامەم لە هەوراز کاکل وەرگرتووە لە 2/3/2021[1]