لە ساڵی 1966 لە شاری #هەولێر# لە گەڕەکی #تەیراوە# لەدایک بووە خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی پیشەیی هەر لەو شارە تەواوکردووە. هەر لەو کاتەوەی دەفامێ، لەلایەن هاوڕێکانییەوە هەست بە دەنگخۆشییەکەی دەکرێت لە ساڵی 1983 دەستی کردووە بە کاری هونەری، یەکەم گۆرانی بەناوی (دوعا دەکەم شەو و ڕۆژ من) بڵاوکردوتەوە کە بەرهەمی قادری سیاحییە پاشان چەند گورانییەکی تریشی تۆمار کردووه.پاشان هەگبەی پڕتر و بەرهەمی زیاتری دەبێت و لەنێو گەنجانی هەولێردا دەناسرێت، ئەوسا و ئێستایش بەرهەمەکانی بە جۆرێک کاریگەرن، کەم کەس هەیە ئارەزووی گوێگرتنی لە دەنگی نەبێت.
زیاد ئەسعەدی هونەرمەند یەکەم کاسێتی خۆی لە ساڵی 1988 تۆمارکردووە و بڵاوی کردووەتەوە.
لە ساڵی 1989 سەردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی کردووە لەوێ سەردانی چەند هونەرمەندێکی کردووە لەوانەش هونەرمەند سەعید قەندی و گول پایەگانی پاشان گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان و لە ساڵی 1990 ئەلبومێکی بڵاو کردووەتەوە و لە ساڵی 1993 ئەلبومێکی تری بڵاو کردووەتەوە پاشان کوردستانی بەجێهیشتووە جارێکی تر چووەتەوە بۆ وڵاتی ئێران ماوەیەک لەوێ وانەی ئاوازوو چۆنییەتی ئەداکردنی گۆرانی خوێندووە هەروەها فێری زمانی فارسی بووە پاشان چووەتە ڕووسیا ماوەیەکی زۆر وانەی فێربوونی میوزیکی شێوەکانی کارکردن لەسەر ستایل و جورەکانی گۆرانی خوێندووە، بۆ ماوەی 2 ساڵ لە ڕووسیا ماوەتەوە فێری زمانی ڕووسی بووە پاشان چووەتە کەنەدا ماوەیەکیش لەوێ خوێندوویەتی فێری زمانی ئینگلیزی بووە پاشان چووەتە سوید بۆ ماوەی 3 ساڵ لە قوتابخانەی هونەری کولتووری میوزیکی جیهانی خوێندووە شارەزاییەکی لە چەند ئامێرێکی میوزیکی فێربووە لەوانەش کیبۆرد و کلارنێت پێشتریش لە کوردستان زۆر بەباشی فێری ئامێری شمشاڵ ببوو. هونەرمەند زیاد ئەسعەد لە ساڵی 1998 ئەلبومێکی گۆرانی بەناوی (نەمزانی) بڵاوکردووەتەوە لە ساڵی 2001 چەند گۆرانییەکی لە ڕێگای پڕۆگرامێکی کەناڵیکی ئاسمانی (مەد تی ڤی) بڵاو کردووەتەوە لە ساڵی 2003 دوایین ئەلبومی خۆی بەناوی (سکاڵا) بڵاو کردووەتەوە هونەرمەند زیاد ئەسعەد جگە بۆ خۆی تا ئێستا 130 گۆرانی بەشێوازی ئاوازوو هۆنراوە لەلایەن هونەرمەندانی گۆرانیبێژەوە کراون بەگۆرانی.لە مانگی 6ی ساڵی (2010)دا بە ئامادەبوونی بەشێکی زۆری ڕۆژنامەوانانی هونەری، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەوە وەشان کرا کە پاش ماوەیەکی دیکە بەرهەمی تازەی هونەرمەند زیاد ئەسعەد دەکەوێتە بەر گوێی هەواردان و هۆگرانی دەنگی، لەو کۆنگرەیەدا، زیاد ئەسعەد لەسەر هێڵی تەلەفۆن پەیامی خۆی ڕاگەیاند و لە بارەی بەرهەمە تازەکەیەوە قسەی کرد.
زیاد ئەسعەد لە پەیامەکەیدا ئەوەی ئاشکرا کرد، کە ئەو کۆمپانیا هونەرییانە و بەڕێوەبەری کارەکانی، هیوایان بەو بەخشییەوە، کە بە بەرهەمی تازەوە بگەڕێتەوە نێو هەوادارنی هونەری و تایبەتیی گوێگرانی گۆرانی و میووزیکی کوردی، هاودەم ئەوەیشی دەربڕی کە ئەو بەرهەمەی لە ڕووی کوالێتی و ناوەرۆکەوە جیاوازیی لەگەڵ کۆی بەرهەمەکانی پێشوویدا هەیە و وتیشی لە ڕێگەیەکی جیاوازەوە کارەکانی ئەمجارەی ئەنجام دەدات، بەرهەمەکەیشی بە زۆر باش دانا. ئەو بەرهەمەی زیاد ئەسعەد، نێوی (سوێند) دەبێت، وەلێ ئەوە چەندین ساڵ بەسەر ئەو کۆنگرەیەدا تێ پەڕی، تا ئێستا بەرهەمەکەی بڵاو نەکراوەتەوە و دەنگی بڵاوکردنەوەیشی نییە، ئەوەش گوێگرانی نائومێد کردووە.
هونەرمەند زیاد ئەسعەد لە دوای ساڵی 1999وە ئەزموونی هونەری گۆرانی خۆی کردۆتە هەوێنێک بۆ گۆرانی کوردی توانیویەتی چەندین هونەرمەند بێنێتە بوارەکەوه.
زیاد ئەسعەد لە ڕووی ئایدۆلۆژیای حزبییەوە سەر بە هیچ حزبێک نییە و تەنیا هەستێکی نیشتمانیی کوردانەی هەیە و بۆ ئەو مەبەستەیش، زیاد لە ساڵی 1991دا گۆرانی بۆ پێشمەرگە گوتووە، ئەمە لە کاتێکدایە باس دەکرێت کە پێشتر وەک زۆربەی گۆرانیبێژانی دیکە گۆرانی بۆ حکوومەتی سەددام وتووە، بەڵام لەو بارەیەوە زیاد ئەسعەد ڕوونی کردووەتەوە کە ئەوکات لە هۆڵی گەل فەرمانبەر بووە و لە گەرمەی شەڕی ئێران -ئێراقدا بووە و بە زۆری گۆرانییان پێ وتوون، هەروەها ئەو تەنیا لە کۆرسدا بووە نەک گۆرانیبێژی سەرەکی و گۆرانییەکە ناوی (بەڵێن) بووە.[1]