بەداخەوە بەهۆی شکستی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە پاراستنی خەڵک و شاری موسڵ، هێزەکانی گرووپی بەناوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) دەستییان بەسەر شاری موسڵدا گرتووە، کە ئەوەش مەترسییەکی گەورەی دروستکردووە. خەڵکی موسڵ بەهۆی ترسیان لە گیانیان و، بۆردوومان و نەمانی خۆراک و خزمەتگوزارییەکان، شارەکەیان بەجێدەهێڵن.
ئێمە بەدرێژایی دوو ڕۆژی ڕابردوو هەوڵێکی زۆرماندا بۆ دروستکردنی هەماهەنگی بۆ پاراستنی شاری موسڵ، بەڵام بەداخەوە هەڵوێستی بەغدا بەشێوەیەک نەبوو بتوانین ئەو هەماهەنگییە دروستبکەین.
لەپێناو بەهانەوەچوون و یارمەتیدانی خەڵکی ئاوارەی شاری موسڵ بەهەموو نەتەوەکانییەوە لە کورد، عەرەب، تورکمان و کلدان و ئاشووری، داوا لە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەم کە ئەوەندی پێیاندەکرێت لە چوارچێوەی ڕێوشوێنە یاسایی و ئەمنییەکاندا، یارمەتی خەڵکی ئاوارەی موسڵ بدەن. هەروەها داوا لە کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوەیکگرتووەکان UNHCR دەکەین کە بەهانای ئاوارەکانی موسڵەوە بێن.
هەر لەهەمانکاتدا دڵنیایی دەدەینە خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، کە هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە لە ئامادەیی تەواودان کە وەک هەمیشە بارودۆخی ئەو ناوچانە بپارێزن.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
10-06-2014