جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، ژمارەی پەنابەرانی سوریا لە عیراق ئاشکرا دەکات و ڕایدەگەیەنێت، 215 هەزار پەنابەر لە عیراقن کە 213 هەزاریان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن.
د. دیندار زێباری جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ڕایگەیاند: لەئێستادا تێکڕای ژمارەی پەنابەران لە عیراق گەیشتوەتە نزیکەی 215 هەزار پەنابەر و لەکۆی ئه و ژمارەیە 213 هەزار پەنابەر لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن.
لەبارەی چۆنیەتی دابەشبوونی پەنابەرانەوە لەهەرسێ شارەکانی دهۆک، هەولێر و سلێمانی، دیندار زێباری ڕایگەیاند: لە دهۆک، 102 هەزار پەنابەر کەبەشی زۆری لەکەمپی دومیزە بەڕێژەی 69.033 پەنابەر هەیە، هەولێر 82 هەزار و 208 و سلێمانی 22 هەزار و 626، پەنابەر.
روونیکردەوە: ژمارەی کەمپەکان بەمشێوە لە عیراق دابەشبوون کە نزیکەی 10 کەمپن و گەورەترینیان لە دهۆکە بەناوی دومیز و لەسەر ئاستی پارێزگاکانیش پارێزگای دهۆک ڕێژەی هەرە زۆری بەرکەوتووە کە دەکاتە 104 هەزار پەنابەر.
وتیشی: "بەشی زۆری پەنابەران خەڵکی شاری حەسەکەن، بەشی زۆری کوردەکان خەڵکی قامیشلۆن ئەمە جگە لەوەی بەشێکی دیکەی پەنابەران خەڵکی شارەکانی دیکەی وەک دیمەشق و ئەلیپۆن".
لەسەرەتای ساڵی 2012 بەهۆی نالەباری و تێکچوونی باری ئەمنی لەسوریا ژمارەیەکی زۆری پەنابەران ڕوویان لە وڵاتەکانی تورکیا و ئەردەن و لوبنان و عیراق کردووە بەمەش لەهەرێمی کوردستان، ڕێکخراوی کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەران بەهاوکاری دەزگا حکومییە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم و ئاژانسەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان لەهەوڵی بەردەوام دان بۆ پێشکەش کردنی خزمەتگوزارییەکان بە پەنابەران.
لەلایەکی دیکەوە، بەهۆی بارگرژیەکانی ئەمدواییەی موسڵ و دەستبەسەرداگرتنی شارەکە لە لایەن چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام، ڕێژەیەکی زۆری دانیشتوانی ئه و وڵاتە ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردوە و چاوەڕواندەکرێت ژمارەی پەنابەران زۆر زیاتر ببێت.
- 10-06-2014