لە کاتێکدا نوێنەرانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هەڤاڵانمان لە مەڵبەندی8ی ڕێکخستنی خانەقین لە وتووێژی بەردەوام بوون لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ نوێنەرانی حکومەتی فێدراڵ و سوپای عێراق ، سەرئەنجام گەیشتنە ئەو ڕێکەوتنەی کە هەردوولا پێکەوە هەماهەنگ و هاوکاربن بەمەبەستی چارەسەرکردنی ئەو کێشەو ئاڵوزیانەی کە ڕووی کردووتە ناوچەکە لەسنوری پارێزگای دیالە بەتایبەت ناوچەکانی سەعدییە و جەلەولا..
بە داخەوەوە ئا لەم کاتەدا هێزەکانی سوپای عێراق لە دوو بۆردومانی جیاوازدا بەفرۆکە و تۆپ باران، هێزی پێشمەرگەی کوردستانیان کردە ئامانج و (6) پێشمەرگە شەهید و (23)ی تریش بریندار بوون،ئەمە لە کاتێکدا کە سەرکردە سەربازیەکانی ئێمە لە پەیوەندی بەردەوام بوون لەگەڵ گەورە ئەفسەرانی عێراق بۆ گەیشتنی ئەو هێزە سەربازییەی کە لە بەغداوە هات ، ئێمە وەکو مەڵبەندی 8ی ڕێکخستنی خانەقین بەتوندی ئەم دەستە درێژییە بۆ سەرهێزی پێشمەرگەی کوردستان ئیدانە دەکەین و داواکارین بە زووترین کات لیژنەیەکی هاوبەش بۆدۆزینەوەی تاوانبارانی ئەم ڕووداوە پێک بهێنرێت بۆ بەدوا داچوون و دەرکەوتنی ڕاستیەکان و پاشان بە توندی تاوانبارانی ئەم کردەوەیە سزا بدرێن.
دووپاتی دەکەینەوە کە ئێمە لە هەوڵی هێورکردنەوەی بارودۆخەکەین لە ناوچەکە، لە هەمان کاتدا هەموو ڕێگەیەک دەگرینە بەر لەپێناو پاراستنی ئەمن و ئاسایشی ناوچەکە بەگشتی، ئاسایی کردنەوەی بارودۆخی شارەکانی جەلەولا و سەعدییەبە تایبەت.
بەو هیواییەین کە ئەم بارودۆخە ئاڵۆزەی عێراق بەهاوکاری هەموو هێزە نیشتمانیەکان لە کورد و عەرەب و سوننەو شیعە بەرەو کەناری ئارام تێپەرێنین و پرۆسەی سیاسی لە عێراق سەرلەنوێ بەشێوەیەک بنیات بنرێت کە هەموو پێکهاتەکان هەست بە بوونی خۆیان و نیشتمانی بوونی خۆیان بکەن و پلان و بەرنامەی تیرۆرستانیش هەڵوەشێننەوە.
لە کۆتایشدا پرسەو سەرەخۆشی خۆمان بەکەس و کاری سەربەرزی شەهیدەکانمان ڕادەگەینێنن وبەلێنیان پێی دەدەین کە خۆێنی گەشیان بەفیرۆ ناروات، بۆ سەروەری ئەم خاک و نیشتمانەش ئەم کاروانە بەردەوامە، هیوای زووچاک بوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوزاین.
راگەیاندنی
مەڵبەندی 8ی ڕێکخستنی خانەقینی (ی.ن.ک