ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماری شەهید و بریندارانی هێزی پێشمەرگەی خستەڕوو، وتیشی: "ئاگاداری هیچ پلان و هێرشێکی سەربازیی سوپای عیراق نین بۆ سەر موسڵ".
ئەمڕۆ جەبار یاوەر وتەبێژ و ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی ڕەسمی پارتی، وتی: "دەمانەوێت ژوورێکی عەمەلیات دروست بکەین و ئەمڕۆش لە هەوڵی دروستکردنی ئه و ژوورەداین و سەرژمێریی سەرجەم ئه و ئامارانە دەکەین".
جەبار یاوەر وتی: "بە شێوەیەکی گشتی لە سنووری ڕەبیعە لە سەرەتای چۆڵکردنەوە هەندێک تەقە هەبوو دواتر هێزێکمان چووە شوێنەکان بۆ ئەوەی شوێنی سوپای عیراق بگرێتەوە، لەوێ دوو شەهیدمان هەبوو".
وتیشی: "لە کەرکووک لە کاتی چۆڵکردنی بارەگاکانی سوپای عیراق بۆمب بە ئۆتۆمبێلەکانی لیوای سوپای دوودا تەقییەوە، لەوێیش دوو شەهیدمان داوە و چوار برینداریش هەبووە".
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەشی بەوەدا کە "له و شەڕانەی لە ناوچەکانی دیالە لەگەڵ چەکدارەکاندا کراوە، دوو شەهید هەبووە لەگەڵ 23 بریندار".
وتیشی: "ئەمڕۆ 2014/6/15 لە ناوچەی ڕەبیعەی سنووری پارێزگای موسڵ، بۆمبێک بە فەرماندەی سپیلکدا تەقیوەتەوە، لەوێش شەهیدێک هەیە لەگەڵ دوو بریندار".
جەبار یاوەر ئەوەشی خستەڕوو کە "بە گشتی 6 شەهید و 30 بریندار هەن، جگە لەوەی لە بۆردوومانی فڕۆکەکانی عیراقدا 6 بریندارمان هەبووە".
رووداوی بۆردوومانی فڕۆکەکانی عیراقیشی بەمشێوەیە گێڕایەوە: "لە شارەدێی سەعدییەی سەر بە شارۆچکەی خانەقین، سەرەتا هاوەنێک هاویشتراوە، دواتر کۆپتەری جەنگی بۆردوومانی کردووە، دیارە لە شەڕەکەیشدا هەمووی نزیک لە یەک بوون ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی بازگەی "کۆبرا" بووین بە دیوی خانەقیندا و چەکدارە توندڕەوەکانیش لە دیوی خوارەوە بوون واتە ڕۆژئاوا، بازگەکەیش لە ناوەڕاست بووە، ئیتر له و شەڕانەدا کۆپتەر هاتووە هاوکاریی چەکداران بکات، بەڵام مووشەکێکی وەشاندووە بەره و ڕۆژهەڵات هاتووە، بۆیە ئۆتۆمبێلێکی سووتاندووە و 6 پێشمەرگەی بریندار کردووە".
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، ڕوونیشی کردەوە، ئاگاداری هیچ پلانێکی سەربازیی حکومەتی عیراق نین لەبارەی بۆردوومانی شاری موسڵ و ڕاوەدوونانی داعش، "ئەوە شتێکە دەبێت فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق وەڵامی بداتەوە".
- 15-06-2014