ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، تائێستا 43 پێشمەرگە لەبەرەکانی ڕوبەروبونەوەی چەکدارانی داعش شەهید و برینداربون.
هەولێر، ئاوێنەنیوز: سایتی فەرمی پارتی لەسەر زاری وتەبێژو ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جەبار یاوەر، ئەمڕۆ یەکشەممە، ڕایگەیاند، لەهەوڵی دروستکردنی ژورێکی عەمەلیاتدان تا لەڕێیەوە سەرژمێریی سەرجەم ئامارەکانی تایبەت بەپێشمەرگە بکەن.
وتیشی، "بەشێوەیەکی گشتی لەسنوری ڕەبیعە لەسەرەتای چۆڵکردنیەوە هەندێک تەقە هەبو دواتر هێزێکمان چوە شوێنەکان بۆ ئەوەی جێی سوپای عێراق بگرێتەوە، لەوێ دوو شەهیدمان هەبو، لەکەرکووکیش لەکاتی چۆڵکردنی بارەگاکانی سوپای عێراق بۆمب بەئۆتۆمبێلەکانی لیوای سوپای دودا تەقییەوە، لەوێیش دوو شەهیدمان داوە و چوار برینداریش هەبوە، هەروەها لەو شەڕانەی لەناوچەکانی دیالە لەگەڵ چەکدارەکاندا کراوە، دوو شەهیدمان داوە لەگەڵ 23 بریندار".
یاوەر ئاشکراشیکرد، "ئەمڕۆش لەناوچەی ڕەبیعەی سنوری پارێزگای موسڵ، بۆمبێک بەفەرماندەی سپیلکدا تەقیوەتەوە، لەوێیش شەهیدێک هەیە لەگەڵ دوو بریندار".
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەشی خستەڕو "بەگشتی 6 شەهید و 30 بریندار هەن، جگە لەوەی لەبۆردومانی فڕۆکەکانی عێراقدا 6 بریندارمان هەبوە".
سەبارەت بەشاری موسڵ و هەوڵەکانی سوپای عێراق بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوبراو وتی، ئاگاداری هیچ پلانێکی سەربازی حکومەتی عێراق نین لەبارەی بۆردومانی شاری موسڵ و ڕاوەدونانی داعشەوە.
- 15-06-2014