دیداری ڕاوێژکاریی حیزبە کوردستانییەکان بەسەرۆکایەتیی بەڕێز سەرۆک مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، باسی پێشهاتە مەترسیدارەکانی کەوتنی شاری موسڵ و چەند شار و شارۆچکەی دیکەی پارێزگاکانی سەلاحەدین و دیالە و کەرکووک کرد، ئەوەیش دوای پاشەکشەی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەو ناوچانە و دوای شکستی چارەسەری سیاسییانە لە ئەنبار و فەللوجە.
دیدارەکە، لە ئاست لێکەوتە سیاسی و سەربازی و ئەمنییەکانی ئەم ڕەوشە نوێیەدا هەڵوەستەی کرد، هەروەها ئەو هۆکارانەی بوونە بنەما بۆ ئەوەی داعش بتوانێت ناوچەگەلێکی پڕ دانیشتووانی فراوان داگیر بکات و زیانی مرۆیی و ماددی و سەربازییش بەسوپا بگەیەنێت.
لە دیدارەکەدا، تەئکید لەوەکرایەوە پاشەکشەی پڕۆسەی سیاسی و بەتاڵکردنەوەی پڕۆسەکە لە ناوەرۆکە دیموکراسی و نیشتیمانییەکان، ڕۆڵی نەرێنی هەبووە و بووە هۆی داخوران و هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانیی هێزە پەیوەندیدار و دامەزرێنەرانی پڕۆسەی سیاسی، هەروەها بووە هۆکاری پەیڕەوکردنی نەهجێکی سیاسی دژ بەدەستوور و تەوافوقەکان و بنەماکانی دەستپێکی پرۆسەی سیاسی، ئەو بنەمایانەی حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقیان لەسەر دامەزراوە.
کۆبوونەوەکە جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە سەر لە نوێ متمانە لە نێوان هێزە عێراقییەکان و پێکهاتە نیشتیمانییەکاندا بنیات بنرێتەوە و دەستپێشخەرییەکی نیشتیمانیانەی سیاسی بهێتە ئاراوە کە ئیعتیبار بۆ کرۆکی پڕۆسەی سیاسی بگێڕێتەوە، هەر لە نەهێشتنی سیاسەتی وەلانان و پەراوێزخستن و ئەو ئاراستانەی دەمارگیری و تاییفییەت دەچەسپێنن، هەتا جێهێشتنی دیاردەی تاکڕەویی دەسەڵات و بڵاوکردنەوەی کەشوهەوایەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە تاییفییە تەسکەکان دەکات و دەبنە هۆکاری تەنگاوکردنی پێکهاتە هاوبەشەکانی کاری نیشتیمانی. هەر لەم ڕووەوە، دانیشتنەکە ئەوەی دووپات کردەوە کە چارەسەری سەربازی و ئەمنی بەتەنیا، عێراق ڕووبەڕووی لێکەوتەگەلێکی مەترسیدارتر دەکاتەوە کە هەڕەشە لە سەلامەتی نیشتیمانی دەکەن.
بۆیە چارەسەرێکی سیاسی و چاکسازییانەی بنەڕەتیی گشتگیر پێویستە، کە پشت بەئیدارەیەکی هاوبەشی تێکڕای قەوارە و هێزەکان و هەموو نیشتیمانپەروەرە عێراقییەکان بەبێ جیاوازی ببەستێت. هەروەها جەختیش کرا لەسەر کارکردن بۆ چاککردنەوەی بارودۆخ و پاککردنەوەی ئەو شوێنەوارە سلبیانەی لە پڕۆسەی سیاسی عێراقدا کەڵەکەبوون و هەروەها گێڕانەوەی وڵات بۆ سەر ئەو ڕێگەیەی بەرەو بنیاتنانی دەوڵەتی دامەزراوە دیموکراتییەکان و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و تۆکمەکردنی پێگەی هاووڵاتیبوون دەچێت، ئەویش دوور لە هەر دیاردەیەکی دەستبەسەراگرتن و پێشێلکردنی دەستوور، هەروەها پتەوکردنی پەیوەندییە برایانەکانی نێوان پێکهاتەکانی گەلی عێراق.
بەشداربووانی دیدارەکە لەسەر ئیدانەکردنی تیرۆر بەهەموو کەرەسە و ناوەکانییەوە، هەروەها لەسەر نەرمینەنواندن و سازشنەکردن لەگەڵ ڕێکخستنە تیرۆریستی و تەکفیرییەکاندا کۆدەنگ بوون. کۆبوونەوەکە ڕۆڵی قارەمانانەی پێشمەرگەی لە ڕووبەڕووبوونەوە و سووربوونیان لەسەر داکۆکیکردن لە هاووڵاتیان لە هەموو ناوچەکان کە هاوکاتیشە لەگەڵ پاڵپشتییەکی گەورەی میللی بەرز نرخاند. دیدارەکە تەئکیدی کردەوە لەسەر ئامادەیی بەردەوام بۆ پێشوازیکردن لە پەنابەران و هاوکاریکردنیان، هەروەها بەشدارانی دیدارەکە بانگەوازێکی بەپەلەیان ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد تا ئاوڕێک لە ڕەوشی مرۆیی دەیان هەزار پەنابەر بدەنەوە و یارمەتیان بدەن بۆ ئەوەی کەمێک لە ئازارەکانی ئەوان کەم بێتەوە و باری هەرێمی کوردستانیش کەمێک سووک ببێت.
پیرمام 17ی 6ـی 2014