سۆران کەریم
قەرەتەپە داوای هاوکاری لە حکومەتی هەرێم و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی دەکات بۆ هاوکاریکردنی ئه و 700 خێزانەی بەهۆی شەڕەوە لە ناوچەکانی تری دیالەوە ئاوارە بوون، سەعدییەش سەدا 99ی دانیشتووانەکەی ماڵ و حاڵیان لە ترسی داعش بەجێهێشت.
محەمەد حاجی عومەر، لێپرسراوی کۆمیتەی قەرەتەپەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە خەندانی ڕاگەیاند: "بەهۆی ئه و شەڕ و پێکدادانەی لە ناوچەکانی تری دیالە دروستبووە لە نێوان چەکدارانی داعش و سوپای عیراق، خێزانێکی زۆر ڕووی کردووەتە ناوچەکەمان".
ئاماژەی بەوەشدا، کە زیاتر لە 700 خێزانی ئاوارەی ناوچەکان، لە قەرەتەپەدان، وتیشی: "ماڵ هەیە 10 خێزانی لە خۆ گرتووە، ئێمەش سەرجەم قوتابخانەکانمان تەرخانکردووە بۆ ئه و خێزانانە".
داواشیکرد، حکومەتی هەرێم و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی بچن بەهانای ئه و خێزانە ئاوارانەوە، چونکە ئەوان توانای هاوکاریکردنی زیاتریان نییە.
هاوکات، سەرچاوەیەک لە ناحیەی سەعدییە بە خەندانی ڕاگەیاند: "بەهۆی ئەوەی شارۆچکەکە لەلایەن چەکدارانی داعش_ەوە کۆنترۆڵ کراوە، لە ئێستادا نزیکەی سەدا 99ی خێزانەکان ماڵ و حاڵی خۆیانیان جێهێشتووە".
ئەوەشی خستەڕوو، کە دوو هاوڵاتی بە گوللەی چەکدارانی داعش لە کاتی دەرچوونیان لە شارۆچکەکە بریندارکران، وتیشی: "داعش مامەڵەیەکی خراپ لەگەڵ دانیشتووانی سەعدییە دەکات، بۆیە هەموو پێکهاتەکان شارۆچکەکەیان جێهێشتووە بە کورد و تورکمان و عەرەبەوە و ڕوویانکردووەتە شار و شارۆچکەکانی ژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان".
- 29-06-2014