رێکخراوێکی تایبەت بە بەدواداچوونی کۆمەڵکوژی و توندوتیژیی، ئاشکرایکرد، زیاتر لە 15 هەزار کەس لەماوەی نیوەی یەکەمی ئەمساڵ لەعیراق کوژراوو برینداربوون.
رێکخراوەکە بەناوی (کەمپینی نیشتمانی بۆ هەژمارکردنی تەقینەوەکانی عیراق بە کۆمەڵکوژیی) لەبەیاننامەیەکیدا ئەمڕۆ دووشەممە (7 تەمموزی 2014) ڕایگەیاند، "ژمارەی کوژراوان و بریندارانی پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵ گەیشتۆتە نزیکەی 6 هەزار کوژراوو 9 هەزار و 81 بریندار".
لە بەیاننامەکەیدا ڕێکخراوەکە ئەوەشی خستەڕوو، " ئه و ژمارە بەرچاوە لە کوژراووبریندار لەریزی خەڵکانی مەدەنی و هێزە ئەمنیەکان و بەرزبوونەوەی ئه و ژمارەیە بەبەردەوامی، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی گرتنەبەری ڕێوشوێنی بەپەلە بۆ ڕێگریی کردن لە ڕشتنی خوێنی زیاتری هاوڵاتیانی عیراق".
رێکخراوەکە باسی لەوەشکرد، " 11 ساڵە جەنگی کۆمەڵکوژی دژ بە هاوڵاتیانی عیراق دەکرێت بەبێ وەستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لەبەرامبەر ئه و هەموو خوێنڕشتنەی ناوخۆی عیراق بێدەنگی هەڵبژاردووە، تەنانەت له و هەڵمەتە تیرۆریستیەی عیراق لە ئێستادا دووچاری هاتووە، وڵاتانی خۆرئاوا هەر بێدەنگن".
رێکخراوەکە داوایکرد، " کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تەقینەوه و کردە توندوتیژییەکانی ناوخۆی عیراق لە لیستی کۆمەڵکوژی هەژمار بکات بەپێی ڕێکەوتنی ساڵی 1948 کە عیراق یەکێکە له و وڵاتانەی پەیوەستە به و ڕێکەوتنەوە".
لە ڕۆژی 10 حوزەیرانی ئەمساڵەوە، ڕەوشی ئەمنی عیراق بەجۆرێک پشێووی زیاتری تێکەوت بەبەراورد بەپێشوو، کە هێزەکانی سوپای عیراق نەیتوانی بەرگەبگرن لەبەرامبەر پەلاماری چەکدارەکانی داعش، ئه و ڕۆژەی هەڵیانکوتایە سەر پارێزگای نەینەوا و بەدواشیدا دەستیانگرت بەسەر چەند ناوچەیەکی دیکەی ناوەڕاستی عیراقدا.
سەرچاوە : سۆمەریە نیوز
- 07-07-2014