راماڵ قەسرەیی
لەسەرەتی ئەمساڵەوە تا کۆتای مانگی حوزەیران، لە سنوری بەرێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی سۆران کە هەرچوار قەزای سۆران ڕواندز مێرگەسور چۆمان لەخۆدەگرێت، بەهۆی ئاگرکەوتنەوە زیاترلە 500 ملیۆن دینار زیان بە هاووڵاتیان کەوتووه و بە بەراوردیش لەگەڵ ساڵی ڕابردوو ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە زیادی کردووە.
عەقید عوسمان محەمەد، بەرێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران بەخەندانی ڕاگەیاند: لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا کۆتایی مانگی حوزەیران، تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە سنوری بەرێوەبەرایەتیەکەیان 202 ئاگریان کۆنترۆڵ کردوە.
عەقید عوسمان محەمەد وتیشی: ڕووداوەکانیش بریتیبوون لە 54 سوتانی ماڵی هاووڵاتیان بەهۆی سۆپا و بوتڵی غاز و شۆرتی کارەبا، سوتانی 11 ئۆتومبێڵ بە هۆکاری فیت پەمپ، شەش ڕووداوی سوتانی دووکان و 36 ڕوداوی جۆراوجۆری محاویلەی کارەبا وپاشماوەی شارەوانی، لەگەڵ 83روودوای سوتانی پوش و پاوان و 12رووداوی سوتانی ڕەز و باخ.
بەرێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران وتیشی: هەر له و ماوەیەدا تەرمی چوار هاوڵاتیی خنکاو لەلایەن تیمەکانەوە لە دەرهێنراون و25ی دیکەش لەلایەن کارمەندەکانیان لە خنکان ڕزگارکراون.
وتیشی: کۆی گشتی زیانە ماددییەکانی ئه و ماوەیەش بە زیاتر لە 500 ملیۆن دینار دەخەمڵێنرێت.
- 10-07-2014