بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاماری سلێمانی، ئێستا ژمارەی دانیشتووانی باشووری کوردستان 8 ملیۆن و 350 هەزار کەسە و سەدا 21 ی دانیشتووانی گەنجن، کە تەمەنیان لەنێوان 15 بۆ 24 ساڵیدایە.
مەحموود عوسمان، بەڕێوەبەری ئاماری سلێمانی بۆ تۆڕی میدیایی ڕووداو دەڵێت "ئەو تەمەنەی دیاریکراوە لە سەرانسەری جیهان گرنگیان پێدەدرێت، چونکە هێزی کارن و بەپێی ئامارەکان دەرکەوتووە هەر خێزانێک لەلایەن کەسێکی خوار تەمەنی 30 ساڵی سەرپەرشتی بکرێت، ئەو خێزانە نەبوونیان کەمترە".
بە گوتەی مەحموود عوسمان، دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس (2003) گەشەکردنێکی بەرچاو لە باشووری کوردستان هاتووەتە ئاراوە و حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی بە گەنجان داوە، بە جیاواز لە هەمان توێژی گەنجان لە سەردەمی پێشووتر دەرفەتی کار، بژێوی ژیان و تەندروستیان باشترە و زۆربەیان خوێندنیان تەواوکردووە.
مەحموود عوسمان ئەوەش ناشارێتەوە کە زۆرترین ڕێژەی بێکاران لە هەمان توێژی گەنجاندایە و ئەوە دەخاتەڕوو، "لە جیهاندا ڕێژەی گەشەی دانیشتووان 1.6 ە، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و لە عێراقدا گەشەکردنی ڕێژەی دانیشتوان 3%ە، واتە لە وڵاتانی دیکە شێوەی هەڕەمی هەڵگەڕاوە و لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست شێوەی هەڕەمییە، بەڵام لە باشووری کوردستان گەشەی دانیشتووان هێلکەییە و واتە؛ تەمەنی گەنجمان زۆرترە".
گوتیشی "باشووری کوردستان لە ڕووی گەشەی دانیشتووان و چاودێری و دابینکراییەکانەوە براوەی وڵاتانی ناوچەکە بووە، لە ماوەی 15 ساڵی ڕابردوودا پێش عێراق کەوتووینەتەوە، لە ڕووی نەبوونی، پەروەردە، دابینکردنی خزمەتگوزاری، کەمکردنەوەی جیاوازی ڕەگەزی، ڕۆشنبیری، ئاسایش و ئازادی لە زۆر وڵاتانی ناوچەکە باشتربووین".
نەتەوەیەگرتووەکان هەوڵی گەشەپێدانی مرۆیی داوە و دەیانەوێ تا ساڵی 2015 بگەنە ئاستێکی گەشەپێدانی دانیشتووان و 189 وڵات واژۆیان لەسەر کردووە، کە دەبێ تا ساڵی 2015 بەشێک لەو وڵاتانە ئاستی خوێندەواریان بگاتە سەدا سەد، هەروەها کەمکردنەوەی هەژار و گەشەپێدانی بواری تەندرووستی. لەمبارەیەوە بۆ باشووری کوردستان د. مەحموود گوتی: "ئەو پێوەرانەی لەو وڵاتانە بۆ گەشەی دانیشتووان دانراون لە باشووری کوردستان لە زۆر بوار بەر لە ساڵی 2015 ئێمە پێیگەیشتووین، ئەمە لەکاتێدا ئێمە سفربووین و لەهەموو ڕووێکەوە دواکەوتووبووین".
ئەمڕۆ، ڕۆژی دانیشتووانی جیهانە و نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەمساڵ درووشمی "سوودوەرگرتن لە گەنجان" هانی دەستڕۆیشتووان دەدات یارمەتی گەنجا بدەن. ئێستا ژمارەی دانیشتووانی سەر زەوی 7 ملیار و 180 ملیۆن کەس دەبێت و لەو ڕێژەیەش سەدا 26 ی گەنجن و لە نێوان تەمەنی 15 بۆ 24 ساڵیدان، کە دەکاتە یەک لەسەر چواری ژمارەی دانیشتووانی جیهان.
- 11-07-2014