هەستیار
سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و وزه و سامانە سرووشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ 250 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا بەرز دەبێتەوه و لە کۆتایی ساڵیشدا دەگاتە 500 هەزار بەرمیل، دەشڵێت: "لەگەڵ نەوتی کەرکووکدا دەتوانین ببینە خاوەنی سەقامگیرییەکی ئابووری و لە ساڵی 2015دا کۆتایی به و قەیرانە داراییە بهێنین".
شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی پیشەسازی و وزه و سامانە سرووشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان بە خەندانی ڕاگەیاند: لە ئێستادا ئاستی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ دەرەوەی وڵات 120 بۆ 150 هەزار بەرمیل نەوتە لە ڕۆژێکدا، لەماوەی یەک دوو مانگی داهاتووشدا ئه و ڕێژەیە بۆ 250 بەرمیل بەرز دەبێتەوە.
وتیشی: "پلان و بەرنامە هەیە بۆ کۆتایی ساڵ هەناردەی نەوتی هەرێم بگاتە 500 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، ئەمەش لەگەڵ نەوتی کەرکووک کە ئەویش 500 هەزار بەرمیل دەبێت، دەتوانین لەگەڵ داهاتی ناوخۆدا جۆرێک لە سەقامگیری ئابووریمان بۆ بگەڕێتەوه و مووچەی فەرمانبەران و خزمەتگوزاری و سلفەکان دەستپێبکەینەوە".
شێرکۆ جەودەت وتی: "لە ئێستادا حکومەتی هەرێم کار لەسەر بەستنەوەی بۆری کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک دەکات بە بۆری نەوتی خورمەڵه و مەخمورەوە، بۆ ئەوەی ئامادەکاری بکرێت لە ساڵی 2015 دا لە ڕێگەی بۆریە نەوتییەکانی هەرێمەوە ڕەوانەی دەرەوە بکرێت".
سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و وزه و سامانە سرووشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان ئەوەشیخستەڕوو: لە ساڵی داهاتووەوە هەوڵ دەدەن سیستمێکی نوێی ئابووری دابڕێژن و ئه و قەیران و دواکەوتنی مووچه و خزمەتگوزارییانەی هەیە نەیهێڵن و لە قەیرانی دارایی ڕزگاریان ببێت، ئەمەش پێویستی بە کارکردن و هەوڵدانی بەردەوام دەبێت.
لەسەرەتای ئەمساڵەوە بەغدا بەشە بودجەی هەرێم و مووچەی فەرمانبەرانی ڕاگرتووە، ئەمەش بەهۆی کێشەکانی بەغداو هەرێمەوە لەسەر پرسی نەوت، دوای دەستبەسەرداگرتنی موسڵ و چەند قەزاو ناحیەکی سەر بە دیاله و سەڵاحەدین و کەرکووک لەلایەن داعشەوە، قەیرانێکی نوێی ئابووری ڕووی لە هەرێمی کوردستان کرد و نرخی کاڵاو شمەک و بەنزین بەرزبوویەوە.
لە ئێستادا هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتەوە بە کەشتی بارهەڵگر و داهاتی ناوخۆوە، مووچەی فەرمانبەران دابین دەکات، ئەویش زۆر لە وادەی خۆی دوادەکەوێت.
- 14-07-2014