سۆران کەریم
بەپێی ئامارێکی سەرنتەری هەماهەنگی هاوبەش لە کەلار، لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوو، له و سنوورە یەک هەزار و (285) ڕووداو، ڕوویانداوە، به و هۆیەشەوە (141) کەس له و ماوەیەدا بە شێوازی جیاجیا گیانیان لەدەستداوە یان کوژراون، لەگەڵ ژمارەی خۆ کوشتن و سووتان، بەمەش ژمارەی مردن دوو هێندەی پارە کە له و ماوەیەدا تەنها 74 کەس گیانیان لەدەستدابوو بێ لە سووتان.
بەپێی ئامارەکە، لە شەش مانگی ڕابردوودا (247) ڕووداوی هاتوچۆ بووە، ئەمە لە کاتێکدا لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2013 تەنها (183) ڕووداو بووە، بەهۆی ڕووداوەکانی ئەمساڵیش 52 کەس گیانیان لە دەستداوە و 328 کەسیش برینداربوون، لە کاتێکدا لەشەش مانگی ساڵی 2013 تەنها 28 کەس بەهۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆوە گیانیان لەدەستدا و 258 کەسیش برینداربوون.
لەمساڵدا و لە ماوەی شەش مانگی یەکەمدا 9 کەس کوژراون، چوار کەسیش خۆی کوشتووە، هاوکات حەوت کەسیش هەوڵی خۆکوشتنیان داوە، هاوکات 9 ئافرەتیش سووتاون، بەڵام لەشەش مانگی ساڵی پاردا 11 کەس کوژران و سێ کەس خۆیان کوشت، بەڵام 21 کەس هەوڵی خۆکوشتنیان دا و 10 ئافرەتیش سووتان.
لەنیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، لە سنوورەکە 49 ماڵ و دوکان سووتان و 150 سووتانی جۆراوجۆریش تۆمار کرا، لەگەڵ سووتانی 7 ئۆتۆمبیل، بەڵام لە نیوەی یەکەمی ساڵی پاردا 67 ماڵ و دوکان ئاگریان تێبەربوو، لە گەڵ 84 سووتانی جۆراوجۆر و سووتانی 17 ئۆتۆمبیل.
کێشە کۆمەڵایەتییەکانیش بەم شێوەیە بووە: لە شەش مانگی یەکەمدا 16 کێشە تۆمار کراوە لەگەڵ 43 شەڕکردن و ئاگادارکردنەوە لە ونبوونی 15 هاوڵاتی، هەروەها 24 کێشە بەهۆی کارەبا، بەڵام لە ساڵی پاردا، کێشە کۆمەڵایەتییەکان 9 کێشە تۆمارکراوە، بەڵام 81 شەڕکردن هەبووە و 39 کێشەی کارەبا، جگە لە تۆمارکردن ونبوونی 19 هاوڵاتی.
بەپێی ئامارەکەی سەنتەری هەماهەنگی هاوبەش لە کەلار، لەماوەی شەش مانگی ئەمساڵدا 8 دزی ئاسایی و 34 دزی ئۆتۆمبێل تۆمارکراوە، بەڵام لە ساڵی پاردا ولەهەمان شەش مانگدا 19 دزی ئاسایی و سێ دزینی ئۆتۆمبێل تۆمارکراون.
هەر له و ماوەیەدا، هەشت کەس لە ئاودا خنکاون و چوار کەسیش بە هۆی کارەباوە گیانیان لەدەستداوە، ئاگادارکردنەوە لە دروستبوونی پێنج لافاویش تۆمارکراوە، بەڵام لە شەش مانگی ساڵی 2013 پێنج کەس لە ئاودا خنکاون و یەک کەس بە هۆی کارەباوە گیانی لەدەستداوە، هاوکات 12 جار ئاگادار کراونەتەوە لە بوونی لافاو.
- 14-07-2014