وشە/ تەقتەق. ئاراس ئیلنجاغی-
هاووڵاتییەکی گوندی ئیلنجاغی گەورەی سنووری کێڵگەی نەوتی تەقتەق، مۆرێکی کانزایی هەڵگرتووە کە مێژووەکەی بۆ ساڵانی بەر لە کۆتایهاتنی دەسەڵاتی عوسمانییەکان دەگەڕێتەوە 1910-1914، ئەو هاووڵاتییە دەڵێت: لە باپیرمەوە ئەو مۆرە بە میرات بۆ بنەماڵەکەمان ماوەتەوە و تا ئەمڕۆ پاراستوومە.
محەمەد نەجم قادر نەجم لەدایکبووی 1951ی ئیلنجاغی گەورە، خاوەنی ئەو مۆرەیە و بۆ وشە وتی: کاتی خۆی کە شارەدێی تەقتەق گوندێکی کارگێڕیی عوسمانییەکان بووە، فەرمانگەی ڕێژەی کۆکردنەوەی باج و خەراجی لێ بووە، ئەوکات گوندەکەمان ناوی (بیان) بووە، نزیک بووە لە ئاوایی کاولەخانیانی گوندی تاڵەبانی گەورە لە نزیک سولاوک، ئەم دوو ئاوەدانییە چەند سەد مەترێک لەیەکەوە دوور بوون و هەردوولا لە تیرەی پاڵانییەکان بوون، یەکێک لە باپیرەکانم کێخوایەتی هەردوو ئاوەدانی کردووە. ئەو مۆرە پشتاوپشت هەڵمان گرتووە لەباپیرمەوە بۆ باوکم و لەویشەوە بۆ من بەجێ ماوە.
لە مۆرەکەدا بە خەتی فارسی هەڵکەنراوە و نووسراوە (مختار، اول قریە، تالبان کبیر، 1330) ، بەحوکمی ئەوەی عوسمانییەکان بەناوی جێنشینی (خەلافەت) حوکمدارییان کردووە بەوە دەچێت ساڵەکە کۆچی بێت، بۆیە دەتوانین بڵێین 102 ساڵە ئەو مۆرە هەیە.
نەجم وتی: ئەو مۆرە بەمنداڵی کەوتە دەستم، بەڵام ئەوکات بەو شێوەیەی ئێستە نرخەکەیم نەدەزانی، جگە لەو مۆرە خڕە مۆرێکی تری بچووکیشی لەگەڵدا بوو بە قەبارەی (قۆپجە) کە ناوی کێخواکەی لەسەر هەڵکەنرابوو، بەڵام بە ملوانکە و خەناوەکەمان دەزانی و دەمانکردە ملمان، بۆیە فەوتاو.
ئاشکرای کرد کە لە کۆیە بە زێڕینگەرێکی نیشان داوە و ئەو پێی گوتووە ئەوە بەکەلوپەلی شوێنەواری ئەژمار دەکرێت.
محەمەد کوڕی نەجم کوڕی قادر کوڕی نەجم کوڕی عەبدولقادری کوڕی ئۆمەرعاسی پاڵانییە، گوندەکەیان لە نیوەی یەکەمی سەدەی هەژدەیەم بەناوی (بیان) ئاوەدان بووە کە هاوسنوور بووە لەگەڵ کاولە گۆڕقەرەجی وێرانەی زێدی گەورە شاعیری کورد حاجی.