کامەران عەبدە ساڵح
تەنها لەماوەی شەش ڕۆژی ڕابردودا، 11 حاڵەتی پێوەدانی دوپشک لەسنووری قەزای پشدەر تۆمارکراوە، شارەزایەکی ئەو بوارەش بەپێویستی دەزانێت لەپێناو چارەسەرکردنی گرفتی زۆربوونی زیانەوەرە ژەهراوییەکان، ناوچەکە دەرمانڕێژ بکرێت.
دکتۆر عوسمان محەمەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهیدانی قەڵادزێ، بە خەندان-ی ڕاگەیاند: لە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانەوە تا ئەمڕۆ شەممە 2ی ئابی 2014، یانزە حاڵەتی پێوەدانی دوپشک لە نەخۆشخانەکەیان تۆمارکراوە.
وتیشی: هەرچەندە ڕێژەی پێوەدانی دوپشک لە ناوچەکە زیادیکردووە، بەڵام بۆ فریاکەوتنی ئه و کەسانەی دوچاری حاڵەتێکی لەوجۆرە دەبنەوە، چارەسەری پێویست دابینکراوە.
لای خۆیەوە، دکتۆر ڕەمەزان تەها، شارەزا لە زیانی زیانەوەرە زیانبەخشەکان، بۆ خەندان وتی: ئەمساڵ بەشێوەیەکی بەرچاو ڕێژەی مارو دوپشک لە سنوری قەزای پشدەر زیادیکردووە، تائێستا ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیان لەو ناوچەیەدا بەهۆی پێوەدانی ئەو زیانەوەرە ژەهراوییانەوە زیان بە تەندروستیان گەیشتووە، تەنانەت زۆرجار منداڵان بەرگەی ئه و ڕوداوانەیان نەگرتووه و گیانیان لەدەستداوە.
دکتۆر ڕەمەزان، بەپێویستیشی زانی، بە هەوڵی دەزگا پەیوەندیدارەکان، لەپێناو چارەسەرکردنی گرفتی زۆربوونی زیانەوەرە ژەهراوییەکاندا، سنوری قەزای پشدەر دەرمانڕێژ بکرێت.
بەپێی زانیارییەکانی خەندان، لەئێستادا هیچ بەرنامەیەک لە ئارادا نیە بۆ دەرمانڕێژکردنی ناوچەکە.
- 02-08-2014