جەماوەری کوردستان!
هێزە کوردستانی و عیراقییەکان!
رۆژانی (2-03-08-2014) ناوچە کوردستانییەکانی پارێزگای نەینەوا (زممار، شەنگال و..) کەوتۆتە بەر هێرشێکی فراوانی هێزەکانی داعش، ئەمەش بۆ تەواوکردنی ستراتیژی داعشییەکان لەسنوری پارێزگای نەینەواو بەستنەوەی سەراپای ئەو دەڤەرە، بەپارێزگای حەلەب و پاشان، نەخشە ستراتیژییەکەیان، پێکەوە بەستنی ناوچە سوننی نشینەکانی عیراق و سوریایە. لەدوای ئەوەی ئەمەشیان بۆ بچێتە سەر، ئینجا تەواوی پرۆسەی سیاسی عیراق و ئەزمونی دیموکراسی کوردستان دەخەنە ژێر هەرِەشەی تیرۆریستییەوە. سیناریۆکەشیان دیاربوو کە:
دوای کۆنترِۆڵکردنی ناوەندو دەوروبەری سوننی-نشینی پارێزگای نەینەوا، هەروەها تەلەعفەری تورکمان-نشین و ڕاوەدوونانی مەسیحییەکان، قۆناغی نوێیان لەپەلاماری پارێزگاکە دەستپێکرد، ئەوانیش ناوچە کوردستانییەکانە، بەزۆریش زێدی ئێزدییەکانی پارێزگاکەیە. لەمەشدا، گومانمان نییە، بۆیان بکرێ توندتر لەشیعە و مەسیحییەکان، ڕقی سەلەفیان بەئێزدییەکاندا دەرِێژن.
خەڵکی خۆراگری کوردستان!
هەر لەسەرەتایی پەلامارەکانی داعشەوە، یەکێتیی ڕامان وابوو، جارێ دوژمنایەتی کوردستانیان بەشێوەیەکی کاتی هەڵپەساردووەو کە بەنەرمیش بەرامبەر کورد، دەدوان، بۆ دەستخەرۆکردن بوو، نەک قبوڵکردنی ئەزمونی دیموکراسی، بۆیە دڵنیابوین، لەناوچەکانی دەرەوەی هەرێمەوە پەلاماری کوردیش دەستپێدەکەن. لەدوا نەخشەشیاندا، تێکدانی ئەزمونی دیموکراسی کوردستان ئامانجی کۆنەپەرستانەیانە.
بەم پەلامارە، کە بەداخەوە هەندێک سەرکەوتنی عەسکەری کاتیشیان لەناوچەکەدا بەدەستهێناوە، لەمەودوا داعشەکان، ئیتر لەهەر کوێیەکی کوردستان، تایبەت لەپارێزگاکانی دیالە و سەڵاحەدین و کەرکووک-دا، بۆیان هەڵبکەوێ، پیلانەکانیان بەپەلامارو تۆقاندنی فراوانتر جێبەجێ دەکەن. بەم نەخشە نوێیەش، ئیتر هەرێمی کوردستان کەوتە بەردەم قۆناغێکی عەسکەری تری چارەنوسساز. ئەویش ئەوەیە، کە چیکە، شەرِی بەرگری دادمان نادات. تەنانەت بەرگری لەقازانجی داعشەکانیشە. ڕێگای ڕاست و دروست ئەوەیە ئەم هێزە کۆنە پەرستانە، دەبێ بەهێرشی فراوانی ڕزگاریخوازانە، وەڵام بدرێنەوە.
دەرهەق بەناوچەکانی شەنگال و زممارو ئەو ناوچەیەش، کە بەداخەوە سەدان هەزار کورد، دووچاری چارەنوسی مەرگ و ژیان بونەتەوە. دەوڵەتی عیراق و، دەوڵەتانی ناوچەکەو، جیهان و نەتەوەیەکگرتووەکان، هەقوایە دەستبەجێ بەهانای خەڵکەکەوە بێن، پێش هەموو شتێک لەکۆمەڵکوژی بیانپارێزن. ئینجا گوزەرانیان دابین بکەن.
ئێزدییەکان.. لەمێژووی خۆیاندا، زۆرجار دووچاری سیاسەتی قرِکردن بوونەتەوە، بەڵام ئەمجارە لەهەموو جارێک مەترسیدارترە. چونکە، داعشەکان و بەعسییەکان و ئەوانەی هاوپێناویانن، بەچەکی هەمەجۆر، لەماوەیەکی کەمیشدا، بەو ڕقە سەلەفییەی هەیانە، دەتوانن تاوانی زۆر گەورەتر بەرامبەریان ئەنجام بدەن. هەربۆیە، بەرپەرچدانەوەی دەستبەجێ و کۆمەکی پێویستی دەست و برد، لەم کاتەدا، بۆ دەیان هەزاری لێقەوماویان کە ئێستا لەچیای وشک و برینگی شەنگاردا، خۆیان پەناداوە، زۆر گرنگە.
دۆخەکە، ستراتیژێکی ڕۆشنی دەوێ. شەرِی لێدەو هەڵێ، لەقازانجی سیاسی و عەسکەری ئێستادا نییە. شەرِەو عیراق و سنوری کوردستانی گرتۆتەوە. یەکچاو بوونی ستراتیژی لەم شەرِە چارەنوسسازە، زۆر گرنگە. بێگومان ئەمەش پێویستی بەنەخشەیەکی هەمەلایەنەی هەموو لایەنەکانی دەرگیرە بەم شەرِە ترسناکەوە، لەوڵاتانی گەورەوە، بۆ وڵاتانی ناوچەکەو کوردستانیش. ڕاستە ئەوانە، فرسەتی سەرکەوتنێکی کاتیان قۆزتەوە، بەڵام شەرِی هەمەلایەنەی بە بەرنامە، بەپشتیوانی خەڵک و دۆستان، لەدوا ئەنجامدا، تیرۆریستەکان تێکدەشکێن و گەلەکەمان و لەگەڵماندا، هەموو خەڵک و دیموکراتخوازانی ناوچەکە، ئەم شەرِە چارەنوسسازەش دەبەینەوەو دوا دوژمنانی دیموکراسیش تێکدەشکێن.
کە دۆخەکەش وای لێهاتبێ، شەرِی تەواو ڕووبەرِوومان بوبێتەوە، ئیتر دەبێ هەموو ڕێگاکان و شێوەکانی شەرِو تاکتیکەکانی دەرهەق بەسەرکەوتنی ستراتیژی شەرِەکە، پەیرەو بکرێ.
لەپێشەوەدا تۆکمەترکردنی شەرِگەکان و لێپێچینەوەش لەکەمتەرخەم و خەمساردەکانی سەنگەرەکان کە دەرفەتی سەرکەوتن بۆ دوژمنان ئاسان دەکەن، پێویستە. هەروەها داوا لەهەموو لایەک، هەموو کاربەدەست و کەسایەتییەک و میدیاکان دەکەین، چیکە وەکو جاران، مامەڵە لەگەلڕ هێزی پێشمەرگەو ئەمنی عەسکەری و هەواڵی شەرِگەکان نەکەن. ئێمە دڵنیاین لەدڵسۆزی و پەرۆشی هەموو ئەو بەرِێز و لایەنانەی سەردانی پێشمەرگە دەکەن، بەڵام باشترین پەرۆشی ئەوەیە، نهێنی هێزەکان، جموجۆڵی هێزەکان، شوێنی هێزەکان و چۆنیەتی ڕاپەرِاندنی ئەرکی هێزەکان.. دوور لەچاوی کامێراو سەردانی میوانەکان بپارێزرێ. لەم بارەوە، پێویستە سەرۆکایەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە برِیارو بەرنامەی نوێی هەبێ.. چونکە سەرکەوتن گرنگترە لەدەرکەوتن.
ئیتر بۆ پێشەوە بەرەو سەرکەوتن بەسەر کۆنەپەرستاندا.
مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
03-08-2014