کۆرو کۆمەڵانی مرۆڤدۆستی جیهانی
خەڵکی وڵاتداگیرکراوی کوردستان
بە هۆی هێرشی گروپی تروریستی داعشەوە زیاد لە 200 هەزار کوردی دەڤەری شنگاڵ و دەوروبەر ئاوارەی شاخەکانی شنگاڵ و گوند و ناوچەکانی دیکەی باشوری کوردستان بوون. بەشێکی زۆر لە شاخەکانی شینگاڵ گیریان کردوە، بە داخەوە بە هۆی دەست پێڕانەگەیشتنی هاوکاری خۆراک و دارو پێداویستی دیکە، بە دەیان کەس کە زۆربەیان مناڵ و پەککەوتەن بە هۆی برسێتی و نەخۆشییەوە کۆچی دواییان کردوە. لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانیشەوە باس لە ڕفاندنی سەدانی ژنی یەزیدی دەکرێت.
وەک پارتی سەربەستیی کوردستان وێرای سەرەخۆشی خۆمان لە کەس و کاری قوربانیانی ئەم کارەساتە، داوا لە گشت ڕێکخراوە مرۆڤدۆستەکانی جیهانی دەکەین، کە بە پەلە بە هانای کوردانی یەزیدی دەڤەری شنگاڵەوە بچن. و لەو کارەساتە دڵتەزێنانە نەجاتیان بدەن، بە تایبەت ئەوانەی کە لە شاخەکانەوە گیریان خواردوە، هەوڵیش بدرێت بۆ ڕزگاری ئەو ژنانەی کە دەستبەسەرکراون.
هەر لەو پێوەندییەدا داوای یەکریزی ویەکگرتووی زیاتری گشت کوردستانیان دەکەین، کە پێکەوە لە هەموو بەشەکانی کوردستان هێزی هاوبەش پێکبێنن بۆ پاراستنی شنگاڵ و گشت سنوورەکانی ئیستای باشوری کوردستان. واتە ئەو بەشەی کوردستان کە بووەتە ڕووناکی و دڵخۆشی هەموو کوردێکی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و جیهان. جێێ خۆیەتی کە دەستخۆشی ئاراستەی هێزەکانی پێشمەرگەی باشوری کوردستان و یەکینەکانی پاراستنی گەل بکەین، کە لە ناوچەکانی ڕەبیعە یەکگرتووانە تروریستان دەردەپەرێنن.
بە ناوی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی سەربەستیی کوردستان داوا لە گشت کوردانی خۆرهەڵاتی کوردستانەکەمان دەکەین، بە تایبەت سەرمایەداران کە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتن، هاوکاریی دارایی و مرۆیی خۆیان بگەیەنە خوشک و برایانی کوردی یەزیدیمان لە شنگاڵ و ناوچەکانی دیکە، هەروەها هاوکاریش کۆکەنەوە بۆ پێشمەرگەکانی پاراستنی کوردستان لە گشت ناوچەکانی مەترسی لەسەر.
گەلی هەمیشە خۆراگری کوردستان: داواتان لێدەکەین کە بە هاوکاری و پشتیگری هەموو ئێوەی نەتەوەیی و نیشتیمانپەروەر: بە نەیارانی کوردستان زیاتر بسەڵمێنین، کە دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستان ناتوانن جیاوازی لە نێوان پێکهاتەکانی کوردستان دروستبکەن، هەر دەم گەلی کورد پشتیوانی یەکتربوون و بەردەوامیش لە پێناو پاراستنی کوردستان هاوکاری یەکتر دەبن.
کوردستانیانی ڕزگاریخواز: هەروەک ئاگادارن کە لە ماوەی 2مانگی ڕابوردودا باس و خواسی سەربەخۆیی کوردستان لە ساڵان زیاتر سەریهەڵدابوو، ئەمەش بووە هۆکاری نیگرانی بۆ وڵاتانی داگیرکەر و نەیارانی کوردستان. هەر بۆیەش پێمان وایە دەستی تایبەتی وگەلەکۆمەی چەند لایەنە لە پشت هێرشەکەی گروپی تروریستی داعش بووە، بۆ سەر ناوچەکانی شنگاڵ و دەوروبەر، بۆ ئەوەی بیرۆکەی سەربەخۆیی خوازی لە کوردستان لاواز بکەن.
پارتی سەربەستیی کوردستان، جارێکی دیکە پشتیوانی بۆ پاراستنی دەسکەوتەکانی باشوری کوردستان و خەڵکی لێقەوماوی شنگاڵ دەردەبرین. دەستخۆشانە ئاراستەی گشت پێشمەرگەکانی کوردستان دەکەین کە ئەمرۆ شێلگیرانە لە سەنگەری بەرگریدان.
هیوادارین پرۆسەی سەربەخۆیی کوردستان هەر درێژەی هەبێت و ئەمجۆرە پلانانە هیچ کاریگەری لەسەر ئەو پرۆسە پیرۆزە نەبێت.
ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی سەربەستیی کوردستان
14ی گەلاوێژی 2714ی کوردی بەرامبەر بە 05-08-2014 زاینی