پەیامێک بۆ گەلی کوردستان
گەلی خۆشەویست و خۆڕاگری کوردستان دڵنیادەکەینەوە کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەپێشڕەویدایە لە بەرەی شنگالدا، هەروەها لەبەرەی جەلەولا و مەخمووردا چەکدارە تیرۆریستییەکانی داعشی تێکشکاندوون.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بە باوەڕبوون بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەڵێندەداتە هەموو گەلی کوردستان کە ڕێگە نادات تیرۆریستان خاکی پیرۆزی کوردستان پیس بکەن و، پێشکەوتنی ژیان لە کوردستان ڕابگرن.
داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەین کە بەهیچ شێوەیەک دڵەڕاوکێ نەیانگرێت و، بە ئارامی لە شوێنەکانی خۆیان بمێننەوە و درێژە بە کار و ژیانی ئاسایی خۆیان بدەن.
بەڵێندەدەینە گەلی کوردستان، کە بە دەستێکی پۆڵاین لە تیرۆریستان دەدەین و، ئەو مەترسییەی لەسەر گەلی کوردستان و ناوچەکەش هەیە لادەدەین. هەموومان دەبێ باوەڕمان بە پێشمەرگە هەبێت و پشتیوانی پێشمەرگە بکەین.
داوا لە هەموو خەڵکی کوردستان و گەنجانی کوردستان دەکەین کە هەمیشە ورەبەرزبن، دەبێ هەموومان باوەڕمان بە دۆزی ڕەوای خۆمان هەبێت، ئێمە ئێستا بەرگریی لە خاکی پیرۆزی کوردستان دەکەین لە بەرامبەر هێزێکی تیرۆریستی داگیرکەردا، ئەوەش ئەوپەڕی ورە بەرزی پێویستە، بەتایبەتیش کە تیرۆریستان لەبەر زەبری پێشمەرگە کەوتوونەتە پەلەڤاژەی لەنێوچوونەوە.
بۆیەش داوا لە هەموو خەڵکی کوردستان دەکەین کە ورەبەرز و ئارام بن.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان
06-08-2014