وەزارەتی سامانە سروشتیەکان گرنگیەکی زۆر دەدات بە سەلامەتی و ئاساییشی هەموو کارمەندانی پیشەسازی نەوت و چالاکیەکانیان لە هەرێمی کوردستاندا.
وەزارەتی سامانە سروشتیەکان لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ دەزگاکانی ئاساییشی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا سەبارەت بە بارودۆخی ئاساییش لەسەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و بەردەوام هەموو زانیاریە پەیوەندیدارەکان لەگەڵ بەڵێندەرەکانیدا هاوبەشی پێدەکات.
تاکو ئێستا، دوژمن نەیتوانیوە چالاکیەکانی نەوت لە هەرێمدا بکاتە ئامانج، بەڵام وەک ڕێوشوێنێکی ئامادەباشی، هەندێک لە چالاکیەکانی بەدواداگەڕان لەو ناوچانەدا کە نزیکن لە ئەگەری ڕوودانی شەڕ بەشێوەیەکی کاتی وەستاون و کارمەندانیش گوازراونەتەوە.
بەڵام بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمدا کاری تێنەکراوە و بەردەوام بۆ بازاڕەکانی ناوخۆ و دەرەوە دەنێردرێت. لە ڕاستیدا حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕواندەکات کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان بەرهەمهێنانیان لە چەند هەفتەی داهاتوودا زیاد بکەن لە کاتێکدا بەرەپێشچوونەکانی ژێرخانی هەناردەکردن تەواو دەبێت هەروەک نەخشەی بۆ داڕیژرابوو.
کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان بەردەوام پشکی خۆیان لە بەرهەم و داهاتی هەموو بەکارهێنانەکانی ناوخۆی نەوت وەردەگرن و هەروەها ئامۆژگاریش کراون کار بکەن لەسەر فرۆشی بڕەکانی هەناردەکردن بۆ بەدەستهێنانی پشکی خۆیان لە نەوتی هەناردەکراو.
لە هەمان کاتدا، وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بیری کۆمپانیا کارکەرەکان و کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاری هەرێمی کوردستان دەهێنێتەوە، کە هیچ هەنگاوێک نەنێن بەبێ هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتیەکاندا لەبەرئەوەی لەوانەیە ببێتە مایەی دروستبوونی ئاڵۆزیی ناپێویست و لە هەندێ حاڵەتدا زیان بە بەرژەوەندی کۆمپانیا کارکەرەکان و پێویستیە گشتییەکانی هەرێم بگەیەنێت.
وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بەردەوامە لە هەناردەکردن و فرۆشتنی نەوت لە بەندەری جیهان و پێشوازی لە پشتگیری و وەبەرهێنانی کۆمپانیاکانی نەوت دەکات لە هەرێمی کوردستاندا.