جەمال سەرگەتی
لەوەتەی شەڕی هێزەکانی پێشمەرگه و ئاسایشی کوردستان دژ بەچەکدارانی داعش دەستیپێکردووە تا ئێستا، لە پارێزگای هەڵەبجە و قەزای شارەزوور 14 کەس لە پێشمەرگه و ئاسایش شەهید بوون و 40 کەسی تریش بریندار بوون.
ئەرکان حەسەن، قائیمقامی مەرکەزی پارێزگای هەڵەبجە بە خەندانی ڕاگەیاند، "لەسەرەتای هاتنی چەکدارانی داعش و دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی پارێزگای موسڵ و ناوچەی شنگال و ناوچە کوردییەکانی دیکە، بەهەزاران کەس لە هێزی پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیس و کەسانی خۆبەخش بۆ بەرگریی کردن لەخاکی کوردستان چوونەتە سەنگەری خەباتەوە.
وتیشی: بەپێی ئه و ئامارەی کە لەبەردەستی ئێمەدایە تا ئێستادا 6 کەس لە هێزی پێشمەرگە و ئاسایش و کەسی خۆبەخش لەپارێزگای هەڵەبجە شەهید بوون و 30 کەسس تریش بریندار بوون، یەکێکیش لەوانەی شەهیدبووە پێشمەرگەیەکی خۆبەخش بووە لەهەڵەبجە.
لە قەزای شارەزووریش تا ئێستا 8 کەس شەهیدبوون و 10 کەسی تریش لە پێشمەرگه و ئاسایش و کەسی خۆبەخش بریندار بوون.
سۆران عەلی، قائیمقامی قەزای شارەزوور لەبارەی ژمارەی شەهید و بریندارەکانی قەزاکە بە خەندانی ڕاگەیاند، " هێزێکی زۆر لەقەزای شارەزوورەوە چوونەتە بەرەکانی جەنگ لەریزی هێزی پێشمەرگە و ئاسایش و هێزی خۆبەخش ".
دەشڵێت: لەسەرەتای پەلاماری چەکدارانی داعش تائێستا، 8 کەس لە هێزی پێشمەرگه و ئاسایش و هێزی خۆبەخش لەقەزای شارەزوور شەهیدبوون و 10 کەسی تریش هەر لە هەمان هێزەکان برینداربوون.
- 25-08-2014