ماوەیەکە لە لایەن هەندێ کەسی سیاسی و لە لایەن هەندێ ڕاگەیاندنەوە باسی ئەو چەک و تەقەمەنیانە دەکرێ کە لە لایەن وڵاتانی دۆستەوە دەدرێ بە هەرێمی کوردستان بۆ پشتیوانی لە هێزی پێشمەرگە لە شەڕی دژی (داعش) وە باس لەوەی دەکەن کە ئەو چەک و تەقەمەنیانە دێن بۆ کوێ و چۆن دابەش دەکرێن، هەندێکیان پرسیار دەکەن هەندێکی تر گومان دەکەن و هەندێکیش بەبێ بەڵگە هەواڵی ناڕاست بڵاودەکەنەوە، دیارە هەندێکی زۆریش دڵنیان لە وەرگرتن و جۆری دابەش کردنیان.
بۆیە دەمەوێ بە ناوی خۆم و وەزارەتی پێشمەرگەوە بە ڕاشکاوی بە هەموو لایەک ڕابگەیەنم کە هەموو ئەو چەک و تەقەمەنی و پێداویستییە لۆجستیانەی کە دێن بۆ هەرێمی کوردستان لە لایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە بە فەرمی و بە لیست و نوسراو وەردەگیرێن و وە لە لایەن وەزارەتی پێشمەرگەشەوە بەپێی ڕێ و شوێنی گونجاو و لەسەر داواو پێویستی ژوورەکانی ئۆپەراسیۆن و یەکەکانی هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دابەش دەکرێن.
دڵنیاتان دەکەینەوە کە لیستی هاتوو و دەرچوو پارێزراوە لە وەزارەتی پێشمەرگە، ئامادەین بۆ هەموو بەدواداچونێکی لایەنە دۆستەکانمان کە یارمەتیان داوین و هەروەها بۆ ئەو کەس و لایەنە ڕێگە پێدراوانەش کە پێویست بکات ئاگاداربن بۆیە هیوادارم هیچ گومانێک لای کەس نەمێنێ چونکە دوورە لە ڕاستیەوە.
هێزی پێشمەرگەی قارەمان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی قارەمان دڵنیا دەکەینەوە کە هەموو ئەو چەک و تەقەمەنی و پێداویستیە لۆجستیانە بۆ ئێوەیەو بۆ شەڕی دژی (داعش)ە داواکارین بە باشی بیان پارێزن و بە باشی بەکاریان بهێنن، وە سوپاسی خۆڕاگری و ئازایەتیتان دەکەین.
لێرەشەوە سوپاسی هەموو ئەو وڵاتە دۆستانە دەکەین کە یارمەتیان داوین و یارمەتیمان دەدەن.
هەروەها سوپاسی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و هاوڵاتیانی خۆشەویست دەکەین کە پشتیوانی هێزی پێشمەرگەو هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆیان کردووە بەو شێوازەی کە بۆیان لواوە.
سەری ڕێز و وەفا بۆ گیانی شەهیدەکان دادەنوێنم و هیوای چاک بوونەوەی زووش بۆ بریندارەکان دەخوازم.
مستەفا سەید قادر
وەزیری پێشمەرگە
09-09-2014