هەماهەنگیکاری گشتی وەزارەتی پەروەردەی عێراق بۆ پارێزگاکان ڕایگەیاند بەهۆی ناجێگیری باری ئەمنی نزیکەی 25 هەزار قوتابی لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە.
عەبدولعەزیز جاسم، هەماهەنگیکاری گشتی وەزارەتی پەروەردەی عێراق بۆ پارێزگاکان بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند: " بە هۆی ناجێگری ڕەوشی ئەمنی پارێزگاکانی باکوور و ناوچەکانی دیکەی عێراق نزیکەی 25 هەزار قوتابی کچ و کوڕ ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە".
گوتیشی: "بڕیارە بە هەماهەنگيکردن لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر 3 قوتابخانە لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و سلێمانی بۆ ئەو قوتابیە ئاوارانە بکرێنەوە و ئێستا چاوەڕێی ڕەزامەندی لایەنە پەیوەندیدارەکانین، چونکە ساڵی خوێندن دەستیپێکرد".
نافیع حسێن بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگای ئەنبار بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند: " سەرجەم ئەو پێشنیارانەی وەزارەتی پەروەردەی عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەی قوتابیان خستویەتیە ڕوو چارەسەری کاتین و کێشەکە چارەسەر ناکەن، چونکە پێشنیارەکان خۆیان لە تەرخانکردنی قوتابخانە دەبیننەوە بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵ، لەکاتێکدا پێویستیمان بە کردنەوەی قوتابخانەکان هەیە".
بەهۆی ڕەوشی نالەباری پارێزگاکانی ئەنبار، نەینەواو سەڵاحەدین، دیالەو کەرکووک، ناوچەکانی چواردەوری شاری بەغدا ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانانی ئەم پارێزگايانە هەڵاتن و ڕوویان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان کرد.
- 11-09-2014