سادق هەریری لە ساڵی(1947)لە شارەدێی #هەریر# لە دایک بووە، دایکی هەریری و باوکی لە عەشیرەتی بەرزنجیە و بە شێخ سەعید بەناوبانگ بوو، سادق هەریری هەر لە منداڵیەوە دەنگی زۆر خۆش بوو دەستی بە گۆرانیگوتن کردووە، تەنیا لە بۆنەو ئاهەنگەکان جار جارە گۆرانی دەچڕی، لە سەرەتای شەستەکان سینەمای سەفەری دەهاتە هەریر و دوای نمایشکردنی فیلمەکانیش چەند گۆرانیەکیان دەچڕی، سادق هەریریش بەشداری دەکرد، لە قوتابخانەش وەکو ئەکتەر بەشداری چەندین شانۆگەری کردووە، سادق هەریری دەرچوی خانەی مامۆستایانە لە ساڵی(1969-1970).
هەر لە دوای ئەوەش بوەتە مامۆستا و یەکەمین قوتابخانەش کە دەوامی لێکرد گوندی زێتی لە ئەرگۆش، پاشان دێتە #چۆمان# گەڵاڵەی لە حەفتاکان لەوێش هەر مامۆستا دەبێت تا وەکو ساڵی (1974).
سادق هەریری دوای ئەوەی کە پۆلی نۆش تەواو دەکات حەز دەکات بچێتە هونەرە جوانەکانی بەغدا و لەوێ بخوێنێت بەڵام باوکی لەبەر ئەوەی بەرزنجی شێخ بوو ڕۆژێک سادق دەچێتە بەغدا بۆ ئەوەی وەربگیرێت لە پەیمانگاکەی هونەرە جوانەکان، کە دەگەرێتەوە هەریر پیاوێک لە چایخانە پێی دەڵێت: یا شێخ کوە کورەکەت. ئەویش دەڵێت:چۆتە بەغدا لەوێ بخوێنێ. پیاوەکەش پێی دەڵێت:ناوەڵڵا کورەکەت بۆ ئەوە چۆتە بەغدا تا وەکو ببێتە سەماکەر.باوکیشی لەسەر قسەی ئەو پیاوە سوێند دەخوات کە بێتەوە نابێت بخوێنێ لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان ئەمەش یەکێک بوو لە شتە ناخۆشەکانی ژیانی.
سادق هەریری بەشداری لە شۆڕشی ئەیلول دەکات، یەکێک بووە لە پێشمەرگە دڵسۆزەکان، کە ساڵی (1975)دەگەڕێتەوە بۆ هەریر، زۆر دڵسۆز بووە بۆ کوردایەتی و گەنجانی هانداوە لە بزوتنەوەی کوردی بەشداری بکەن.
سادق هەریری دۆستایەتیەکی زۆر بەهێزی لەگەڵ هونەرمەند(#تاهیر تۆفیق#)هەبووە، بەڵام قەت حەزی نەکردووە بەخۆی گۆرانی بڵێ ئەگەر تاهیر تۆفیق ڕێگەی پێ نەدابێت، سادق هەریری دەنگێکی زۆر خۆش و تایبەتی هەیە و ڕاستە دەنگی بە تاهیر تۆفیق دەچێت بەڵام سادق تایبەت مەندی خۆی هەیە لە گۆرانی گۆتن، ئەو زیاتر پەیوەندی بەوە کرد کە ڕێچکەی تاهیر تۆفیق بەرنەدات.
کاتێک(تاهیر تۆفیق)کۆچی دوایی دەکات، جلو بەرگ و چاویلکەو هەموو ئەمانەی بەخشرا بە سادق هەریری.
سادق هەریری لە دوای خۆی کورێکی بووە بە هونەر مەند ڕێچکەی باوکی گرتوە.
هونەرمەند سادق هەریری لە ژیانی گەلێک ناخۆشی بینیوە یەک لەوانە دوو کوڕی جوانە مەرگ بوون وە ژنی یەکەمیشی بە کارەساتی سوتان گیانی لەدەستدا ئەوەش کاریگەری زۆری لەسەر سادق هەریری هەبوو
سادق هەریری لە کۆتاییدا نەخۆش دکەوێت و دەستپێکی ناخۆشی دەگەرێتەوە بۆ ساڵی(2009)و چەند جارێک سەکتە لێی داوە، ئەوە بوو لە بەرواری (#16-09-2014#)دڵی گەورەی لەکار کەوت بۆ دواجار ماڵئاوایی لێکردین، بە کۆچی دوایی هونەرمەند سادق هەریری کەلەنێک لە هونەری کوردی دروست بوو.[1]