ئەنجومەنی ئاسایش پشتراستی دەکاتەوە کە گەورە تیرۆریست (ئەبو عەبدوللا) بەرپرسی سەربازیی ویلایەتی موسڵی تیرۆریستان ئەمرۆ لە ناوچەی خازر کوژراوە. تیرۆریست ئەبو عەبدوللا ناوی تەوای (یاسین عەلی سلێمان شلاش)ە و خەلکی موصلە و لە دایکبووی سالی 1974 و دەرچووی کۆلێجی ئاداب بەشی عەرەبی بووە و ماوەیەک مامۆستا بووە. ناوبراو لە ساڵی 2003 پەیوەندی بە ڕێکخراوی تیرۆریستی تەوحید و جیهاد کردبوو و نازناوی حەجی تارقی هەبوو. لە ساڵی 2006 ناوبراو بەیعەتی دایە ڕێکخروای قاعیدە و کەسێکی نزیکی زەرقاوی بوو و بە ئەبوو سومەیە دەناسرا. لە ساڵی 2007 ئەم تیرۆریستە سەرپەرشت و پلاندانەری سەرەکیی تەقینەوەی ڕێکەوتی 09-05-2007ی بەردەم وەزارەتی ناوخۆ لە هەولێر بوو. لە سالێ 2010 ناوبراو لە لایەن هێزەکانی ئەمەریکا دەستگیر کرا و ڕادەستی لایەنی عێراقی کرا و بە هەتاهەتایی حوکم درا و ڕەوانەی زیندانی ئەبو غرێب کرا. لە ساڵی 2013 لە کرداری شکاندنی زیندانی ئەبو غرێبدا لە گەل ژمارەیەک تیرۆریست بەرەو سوریا ڕای کرد و لە هەمان ساڵ پەیوەندی بە داعش کرد و لە ناو ئەم گروپەدا بە ئەبو عەبدوللا دەناسرا. ناوبراو بەرپرسی گشتیی سەربازیی ویلایەتی نەینەوای تیرۆریستان بوو. لە چەند مانگی ڕابردوودا سەرپەرشتی هەموو کردارە سەربازییەکانی سنووری نەینەوای کردووە. ناوبراو بەرپرسی یەکەمی کرداری ڕفاندنی ئافرەتانی کوردی ئێزدی و شوێن بزرکردنیان بووە.
ئەم تیرۆریستە ئەمرۆ لە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی حەسەن شام و دەورووبەری کە بە هەماهەنگیی هێزی پێشمەرگە و هێزی ئاسمانیی ئەمەریکا ئەنجام درا لە گەل ژمارەیەک تیرۆریستی تری هاورێی کوژرا بە سزای خۆی گەیشت.
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان
16-09-2014