ئەحمەد داوودئۆغڵۆ
سەرۆک وەزیرانی بەڕێزی دەوڵەتی تورکیا
لە چەند شەقاو نزیک سنوورەکانی وڵاتی ئێوەدا، یەکێک لە گرینگترین و مێژووییترین کارەساتەکانی ئەم دەیەی ڕابردوو خەریکە ڕوودەدات. ڕووداوگەلێک کە هاوکات بووە لەگەڵ دەستپێکردنی چالاکییەکانی ئێوە وەک سەرۆک وەزیرانی دەوڵەتی تورکیا و هەڵە نابێت ئەگەر بڵێین کە داهاتووی سیاسی ئێوەش بێ شک بەم ڕووداوەوە گرێدراوە. بێ گومان، گرینگی ئەم ڕووداوە لە چارەنووسی سیاسی وڵاتی تورکیا و کەسایەتیی ئێوەدایە کە بەڕێزتانی هاندا چەند ڕۆژ پێش ئێستا، بە فەرمی ڕایبگەیەنن دەوڵەتی تورکیا بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادات کە شاری کۆبانی بکەوێتە دەستی داعشەوە. بەڵێی، باس لەسەر کۆبانی و کوردە بێتاوانەکانی ئەوێیە و ڕێک لەم کاتەدا کە من ئەم نامەیە بۆ ئێوە دەنووسم، دەیان کەس لە پیاوان و ژنانی کورد، سەربەرزیی و گیانی خۆیان ناوەتە لەپی دەستیانەوە و خەریکی داکۆکیکردنن لە مەتر مەتری خاکیی کۆبانی. بەڕێز داوودئۆغڵۆ لەو کاتەدا کە داعش بە کردەوەی نامرۆڤانەوە پێی خستۆتە سەر گەرووی کۆبانییەوە و بە دڵڕەقیی تەواوەوە دەیەوێت کە ئەوێی بکاتە کۆگایەک لە خاک و خۆڵ و خەڵکەکەی کوشتوبڕ بکات و ئەم خەڵکە بۆ داکۆکیکردن لە خۆیان و شارەکەیان پێویستیان بە یارمەتیی نیزامی هەیە، هێزە نیزامییەکانی ئێوە لە چەند شەقام نزیک شاری بێتاوانی کۆبانی، بە کەرەستە و پێداویستیی تەواوەوە تەنیا چاو لە ڕووداوەکە دەکەن. لەبیرتان نەچێت پەیهاتەی ڕووخانی کۆبانی بە دەستی داعش، زیاتر لەو شتەیە کە بتوانرێت مەزندە بکرێت و بێگومان کاریگەری بەسەر ناوچەکە و وڵاتی تورکیاش زۆر بەربڵاوتر دەبێت. کەواتە هێزەکانی ئێوە چاوەڕێی چین؟ چاوەڕێی ژینۆسایدی تەواوی پیاوانی کوردی کۆبانی و بە دیل گرتنی ژنانی ئەم شارەن، تا لە کۆتایی هاتنی ئەم شەڕە و تەقاندنیی چەند فیشەکێک بلًَێین کە تەواوی هەوڵی خۆتاندا؟! داهاتووی سیاسی ئێوە لەم ساتە وەختەی ئێستادا دەخرێتە بەر باس و لێکۆڵینەوەوە. لە بیرتان نەچێت ئەگەر درەنگی ئێوە لە یارمەتیدانی کوردانی کۆبانی دەرئەنجامی تاڵ و قەرەبوونەکراوەی بە شوێنەوە بێت، نە تەنیا لە پێش چاوی خەڵکی دنیادا بەرپرس دەبن، بەڵکوو جگە لە کوردانی تورکیا و سەرتاسەری جیهان، بە خەڵکی مرۆڤدۆستی وڵاتەکەشتان، کە لەگەڵ کوردەکاندا پەیوەندییەکی ئینسانی و برایانەیان بەدەر لە سنوورە ساختە و جوگرافییەکاندا هەیە، دەبێت وڵامدەر بن. بێگومان ئەم ڕۆحییەتە جوامێرانە و داکۆکی لە ڕەگەزە نەتەوایەتییە هاوبەشەکان، لە ئێوەش و لە نەتەوەی تورکیشدا بوونی هەیە. هەر بەم هۆیەوە، لەوباوەڕەدام کە بایەخی ئەم یەکێتیی ئەخلاقی و ئینسانییە بە باشی هەستی پێدەکەن. لەبیرتان نەچێت، کوردەکان مومکینە لە لایەنی جوگرافییەوە نیشتمانێکی یەکپارچە و هاوبەشیان نەبێت و لە یەکتری دوور کەوتبێتنەوە، بەڵام تەنیا یەک ڕۆحن کە هەر بەشێکی لە شوێنێک بەجێیماوە. کوردەکانی کۆبانی مرۆڤن و سەد هەڵبەت دراوسێشتانن. چارەنووسی ئەوان لە ئێوە و ئەوانی دیکە و داهاتوو جوێی نییە. یارمەتیدانی کۆبانی یارمەتیدانی هەموو مرۆڤایەتییە و سەد هەڵبەت یارمەتیدانی خۆشتانە. چونکە لە سبەینێیەکدا کە زۆر دوور نییە و وڵاتی سەربەخۆ و تایبەت بە نەتەوەی کورد لە ژێر ئەم زام و ئێش و ئاور و خۆڵەمێشەدا سەرهەڵدەدات، خەڵکانی زامدار و یارمەتیدەر و یارمەتینەدراو، لە بیریاندەمێنێت کە چ کەسێک زیاتر لە هەمووان ساڕێژی برینەکانیانی دەکرد و داکۆکی لێدەکردن و چ کەسێک لەجیاتی یارمەتی تەنیا ڕیای کردووە. ئێستا بۆ هەمووی ئێمە کاتی کردەوە و نیشاندانی ئەو نییەتانەیە کە سەبارەت بەوان قسەکراوە. کاتژمێرێکی دیکە مومکینە بۆ هەمووان درەنگ بێت. ئەگەر تەنانەت ڕێزەیەک خەم لە دڵتان جێی خۆی کردۆتەوە، لەم هەمووە زامەی کە بەسەر جەستەی دەردەداری خەڵکانی بێتاوانی کورددا هاتووە، لانی کەم سنوورەکانتان بکەنەوە تا کوردانی بێئوقرەی نیشتمانەکەت تەنانەت بە دەستی بەتاڵیشەوە کە بکرێت خۆیان بگەیێنە کۆبانی تا دیسانەوە بۆ چەند هەزارەمین جار بە درێژایی مێژوو، شەڕەف و سەربەرزیی کورد لە داکۆکیکردنی بست بە بستی ئەو خاکەی کە تێدا ژیانی بەسەر دەبەن، بە خەڵکانی جیهان نیشان بدەن. بەڕێز ئەحمەد داوودئۆغڵۆ سبەی مومکینە زۆر درەنگ بێت. هەم بۆ کۆبانی و هەمیش بۆ ئێوە و هەمیش بۆ جیهان.
بەهمەن قوبادی