پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای دەکات لە وەزارەتەکانی هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە 100 هەزار فەرمانبەری بندیوار هەن. دەشڵێت ئەگەر حکومەت ئەمە چارەسەر نەکات با ئیدی پرسیاری ئەوە نەکات من حکومەتێکی سەرکەوتووم یان نا. ڕاوێژکارێکی باڵای حکومەتیش دەڵێ دامەزراندن لە هەرێمی کوردستان تەنیا بۆ ڕازیکردنی خەڵکە لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا.
عەلی حەمەساڵح، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند ئەوان لێکۆڵینەوەیەکی ورد لە بارەی ژمارەی فەرمانبەران دەکەن لە وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و تاوەکو ئێستا بۆیان دەرکەوتووە کە هیچ وەزارەتێک نییە ژمارەیەکی زۆر بندیواری نەبێ.
ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان زانیاری لەبارەی فەرمانبەری بندیوار دەدات مەبەستمان لە بندیوار ئەو فەرمانبەرانەن کە مووچە وەردەگرن و دەوام ناکەن، ئەمە جگە لەوەی کە بەدەیان هەزار کەس دوو یان تەنانەت سێ مووچەیان هەیە لە کوردستان.
ڕاوێژکارێکی حکومەت:
نەبووە کەسێک یەک ڕۆژ دەوامی نەکردبێ و بە پلەی لیوا ڕوکن خانەنشین بکرێت
بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی دارایی و ئابووری کە بۆ پەرلەمانی کوردستان ڕەوانە کراوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان (684) هەزار فەرمانبەری هەیە.
عەلی حەمەساڵح، باسی ناوەڕۆکی هەندێ لەو لێکۆڵینەوانە دەکات کە لەسەر مووچەخۆرانی بێکار کردوویانە زۆرترین بندیوار لە وەزارەتی پێشمەرگە، کارەبا، کشتوکاڵ، پیشەسازی و بازرگانی، ئەوقافن. گوتیشی ئێستا دەتوانین بڵێین زیاتر لە 100 هەزار فەرمانبەری بندیوار و دوو مووچە و سێ مووچە لە هەرێمی کوردستان هەن.
راوێژکارێکی باڵا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئاگاداری مەسەلەی دامەزراندنە لە حکومەت، دەڵێ لە هەرێمی کوردستان هیچ نیزام و سیاسەتێک نییە بۆ دامەزراندن. گوتیشی دامەزراندنی خەڵک تەنیا بۆ ڕازیکردنیان بووە لەلایەن یەکێتی و پارتی، ئەم بابەتە بۆ هەڵبژاردنەکان و لەکاتی هەڵبژاردن زۆرتر بەکاردەهات و خەڵک بە هەڕەمەکی دادەمەزرێنران.
ئەو ڕاوێژکارە کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، دەڵی لە مەسەلەی دامەزراندندا هەندێ شت کراوە لە هیچ شوێنێکی دنیا نەکراوە نەبووە کەسێک یەک ڕۆژ دەوامی نەکردبێ و بە پلەی لیوا ڕوکن لە سلێمانی دامەزرابێ و خانەنشین بکرێ.
راوێژکارەکە دەپرسێ: چۆن دەکرێ مزگەوتێک 30 خادمی هەبێ و قوتابخانەیەکیش 15 فەڕاشی هەبێ؟.
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵانە بەگوێرەی بودجە فەرمانبەر دادەمەزرێنێ، ساڵی وا هەبووە تاوەکو 30 هەزار فەرمانبەری دامەزراندووە.
راوێژکارەکەی حکومەت دەڵێ چۆن دەکرێ لەکاتێکدا بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان ئەوەی لە بەغداوە دێت 12% بێت، کەچی ڕێژەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان 23%بێت، چۆن دەبێ 12 دینارت هەبێ بەسەر 23 کەسیدا دابەش بکەی؟ بێگومان ئەمە هەڵەیە. گوتیشی مادام پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق 12%یە، دەبێ ڕێژەی فەرمانبەرەکانی هەرێمی کوردستانیش لە 12% تێپەڕ نەکات.
عەلی حەمە ساڵح حکومەتی هەرێمی کوردستان بەئاگا دێنێتەوە و دەڵێت بۆ هەریەک لە وەزارەتەکان بەدواداچوون دەکەین و کردوومانە و زانیاری پێویست دەخەینە بەردەم حکومەت بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە. بەڵام گوتیشی ئەگەر حکومەت ئەو کێشەیە چارەسەر نەکات، ئەوا نابێ پرسیار بکات کە ئایا کابینەکەی سەرکەوتووە یان نا.
ئێستا بەشێکی زۆری وەزارەتەکان کەوتوونەتە خۆیان بۆ ئاشکراکردنی فەرمانبەرە بندیوارەکان. وەزارەتی کارەبا 15 هەزار و 756 فەرمانبەری هەیە و وەزیرەکەی نایشارێتەوە کە بندیوار لە وەزارەتەکەی ئەو هەیە. سەڵاحەدین بابەکر، وەزیری کارەبا دەڵێ لێژنەمان بۆ ئەو بابەتە پێکهێناوە و لێکۆڵینەوە دەکەین و هەر فەرمانبەرێکی بندیواریش لای ئێمە دەرکەوت، کە بیستووومانە هەیە، ئیجرائاتی یاسایی دەکەین.
وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی کە دەڵێت لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە، لەوبارەوە گوتی ڕاستە فەرمانبەری بندیوار هەبووە و مووچە وەردەگرن. کەمال موسلیم دەڵێ لێژنەمان پێکهێناوە و سەنتەری هەولێریش تەواو بووە، لە لێکۆڵینەوەکە دەرکەوتووە مزگەوتێک کە پێویستی بە چوار فەرمانبەر هەبووە، کەچی 10 کەسی هەیە، ئەوانە زیادن و زیادەکانیش لە ماڵەوەن. هەروەها گوتیشی ناعەدالەتی لە دابەشکردنی فەرمانبەرانیش هەبووە.