بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
پەلاماری تیرۆریستانی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان و ئەو دڕندەیی و بێڕەحمییەی تیرۆریستان لەبەرانبەر گەلی کوردیان ئەنجام دا زۆر بەڕوونی نیشان دەدات کە تیرۆریستانی داعش تەنیا لەڕووی ئایینیەوە توندڕۆ نین بەڵکو زۆریان هەڵگری هەردوو توندڕۆیی ئایینی و ڕەگەزپەرستیی نەتەوەیین. هەر بۆیەشە هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستانیان کردە ئامانج و پەلاماری گەلی کوردییان دا.
جێگەی شانازییە ئێستا گەلی کوردستان لە ڕۆژئاوا و هەرێمی کوردستان قارەمانانە بەرگری لەخۆی دەکات و تیرۆریستانیان تووشی شکست و داڕمان کردووە. لەو کاتەی کۆبانێ لە لایەن تیرۆریستانەوە کەوتە بەر هێرش، یارمەتیدان و گەیاندنی هاوکاری بۆ خوشک و براکانمان ئەرکێکی نەتەوەیی بوو. بەڵام بەهۆی دووریی جیۆگرافی و ئابڵۆقەدانی کۆبانێ لە لایەن تیرۆریستانەوە گەیاندنی هاوکاری بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ زۆر ئەستەم بوو. بۆیە هەموو هەوڵێکمان دا لەگەڵ دۆستانی گەلەکەمان کە هەوڵ بدەن کۆبانێ نەکەوێتە دەست تیرۆریستان.
بەدەنگەوە هاتنی هاوپەیمانان و وەشاندنی گورزی ئاسمانی و هەروەها گەیاندنی هاوکارییە سەربازییەکانی هەرێم لە لایەن فڕۆکە ئەمەریکییەکانەوە، هەنگاوێکی کاریگەر بوو و جێگەی سوپاس و پێزانینە و یارمەتیی شەڕڤانانی کۆبانێی دا کە هێرشی داعش بشکێنن.
چوونی هێزی پێشمەرگەیش بۆ کۆبانێ بە بێ ڕەزامەندی تورکیا و هاوکاریی ئەوان و ئەمەریکا مومکین نەبوو. بەڕێز جۆن کێری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پێی ڕاگەیاندم کە لەگەڵ تورکیا خەریکن ڕێک بکەون بۆ ناردنی پێشمەرگە بەناو خاکی تورکیا. دوای چەندین کۆبوونەوەی دووقۆڵی و سێ قۆڵیی نێوان بەرپرسانی ئەمەریکا و تورکیا و هەرێم، بە ڕەسمی ئاگادار کراین کە تورکیا ڕەزامەندە و ئاسانکاری دەکات بۆ چوونی هێزی پێشمەرگە و ئەمەریکایش پشتیوانیی خۆی بۆ ئەم هەنگاوە دەربڕی. ئەم بابەتە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان باسکرا و داوا لە پارلەمانی کوردستان کرا ڕێگە بدات هێز بنێرین و پارلەمانیش ڕەزامەندی لەسەر دا. چونکە بەپێی یاسا ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ دەرەوەی هەرێم ڕەزامەندیی پارلەمانی کوردستانی پێویستە.
هەروەها پەیوەندیمان بە سەرکردایەتیی پەیەدە کرد کە ئامادەین هێزێکی زۆری پێشمەرگە بۆ کۆبانێ بنێرین. ئەوان لە وەڵامدا گوتیان پێویستیمان بە هێزی شەڕکەری پێشمەرگە نییە بەڵکو پێویستیمان بە هێزێکی پشتیوانییە. بۆیە لەسەر داوای ئەوان بڕیار درا هێزێکی پشتیوانیی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ بنێرین.
ئەو هێزەی ئێستا بەرەو کۆبانێ بەڕێ کەوتووە تەنها هێزێکی پاڵپشتی و دابینکردنی ئاگرە. داوای سەرکەوتنیان بۆ دەکەم و هیوادارم بتوانن هاوکارییەکی باشی خوشک و براکانیان بکەن. هەر کاتێکیش بارودۆخی مەیدانی پێویست بکات و داوای هێزی زۆرترمان لێ بکرێت و ڕێگە هەبێت ئەوە هێزی پێشمەرگەی زیاتر بۆ پاراستنی کۆبانێ و تێکشکاندنی تیرۆریستان لە ڕۆژئاوا ڕەوانە دەکەین.
بۆ هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکان شانازییەکی مەزنە بتوانن لە هەر کوێ یارمەتیی شارێک یان گوندێک یان تاکێکی کوردستان بدەن. شانازیشە لە جیاتی مرۆڤایەتی شەڕی دڕندەترین ڕێکخراوی تیرۆریستی بکەن.
مسعود بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
30ی 10ی 2014